عەبدوڵڵا کوێخا سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکات
عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکات بۆ بوونی بە نوێنەری تایبەتی سەرۆک بارزانی لە چەمچەماڵ.
لە چوارچێوەی گرنگیدانی زیاتر بە دەڤەری چەمچەماڵ، سەرۆک بارزانی نوێنەرێکی تایبەتی بۆ سنوورەکە دیاری کرد، عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک، کە وەک نوێنەری سەرۆک بارزانی لە دەڤەری چەمچەماڵ دەستنیشان کراوە، ڕایگەیاند: "ئەم هەنگاوەی سەرۆک بارزانی، نیشانەی ڕێزگرتن و بایەخێکی تایبەتە بەم ناوچەیە و ئەرکمان خزمەتکردنی هەمووان دەبێت بەبێ هیچ جیاکارییەک."
عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک، لە پلاتفۆرمی فەیسبووک دوای وەرگرتنی ئەم بەرپرسیارێتییە، جەختی لەسەر پێگەی نیشتمانیی سەرۆک بارزانی کردەوە و گوتی: "بەوپێیەی جەنابی سەرۆک بارزانی ڕابەرێکی باڵای کوردستان و موڵکی هەمووانە، ئەم ئەرکە نوێیە بۆ ئێمە متمانەیەکی مێژوویی و شکۆیەکی گەورەیە، کە زۆر لە پلە و پۆست و دەسەڵات بەرزتر دەبیندرێت."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا عەبدوڵڵا کوێخا سوپاسی بێپایانی خۆی ئاراستەی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، بۆ ئەو متمانە دێرینەی پێیان بەخشیوە، ناوبراو بەڵێنی دا وەک "خزمەتکارێکی دڵسۆزی گەل و نیشتمان" بمێنێتەوە و کار بۆ پاراستنی ئەو شکۆ مێژووییە بکات کە خراوەتە ئەستۆی.