پهیامێك له حیزبوڵڵاوه بۆ ئیسرائیل
نەعیم قاسم مێزی دانوستانەکان هەڵدەگێڕێتەوە؛ نە ئاشتی لەژێر هەڕەشەدا و نە پاڕانەوە لە تەلئەبیب.
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا بە توندی مەرجەکانی ئیسرائیل بۆ ئاگربەست ڕەتدەکاتەوە و داوا لە بەیرووت دەکات لەجیاتی پاڕانەوە، مۆدێلی ئێرانی لە دانوستان و هێزدا پەیڕەو بکات.
ئەمڕۆ نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، لە نوێترین لێدوانیدا مەرجەکانی ئیسرائیلی بۆ ئاگربەست بە توندی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، کە هەرگیز قبووڵ ناکەن ئیسرائیل لە هێرشکردن ئازاد بێت و ئەوان بێدەنگ بن.
قاسم جەختی کردەوە کە هەر ئاگربەستێک دەبێت لە ئیسرائیلەوە دەست پێ بکات ئەگەر تەلئەبیب پێوەی پابەند بێت، ئەوانیش ڕێگەی ئاشتی دەگرنە بەر. داوای لە حکوومەتی لوبنان کرد کە لە دانوستانەکاندا لاسایی ئێران بکاتەوە و وەک تاران بەهێز بێت.
ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران تەنانەت گەرووی هورمزی لە پێناو پاڵپشتیی لوبناندا داخستووە، بۆیە پێویستە بەیرووت پشت بە تواناکانی خۆی و پاڵپشتییەکانی تاران ببەستێت، نەک لەبەردەم ئیسرائیلدا بپاڕێتەوە.
ئەم هەڵوێستەی نەعیم قاسم وەک وەڵامێکە بۆ بنیامین نەتانیاهۆ کە وتبووی هێزەکانیان لە باشووری لوبنان دەمێننەوە، ئەمەش دەریدەخات کە ململانێکان پێ دەنێنە قۆناغێکی ئاڵۆزتر.
لێدوانەکانی قاسم هاوکاتە لەگەڵ سەرکەوتنە دیپلۆماسییەکانی مەسعوود پزیشکیان و گەڕانەوەی 6 ملیار دۆلار بۆ ئێران، کە نەعیم قاسم وەک نموونەیەکی سەرکەوتووی دانوستان بۆ لوبنانی ناوزەد کرد.
ئەمە لە کاتێکدایە کە 92%ی ئیسرائیلییەکان پێیان وایە ئێران لەم ململانێیانەدا سەرکەوتوو بووە.