پایتەخت

فشارەکان بۆ سەر زیندانیانی لالەزار زیاد دەکەن

فشارەکان بۆ سەر زیندانیانی لالەزار زیاد دەکەن
کورتە

پایته‌خت میدیا هەموو ئەوەی دەربارەی دۆخی نوێی زیندانیانی لالەزار بڵاونەکراوەتەوە بۆ یه‌كه‌مجار بڵاوده‌كاته‌وه‌

دۆخی تەندروستی دەستگیرکراوانی کەیسی لالەزار لە زیندانەکانی سلێمانی، ‌ بەرەو مەترسییەکی جیددی هەنگاو دەنێت و بۆ یه‌كه‌مجار پایته‌خت میدیا دۆخی خراپی نێو ئه‌و زیندانه‌ی لاهور تاڵه‌بانی و پۆڵاد تاڵه‌بانی تێیدا ده‌مێننه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات.

 

ئه‌مڕۆ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ گیراوانی لاله‌زاره‌وه‌ به‌ پایته‌خت میدیای ڕاگه‌یاند، كه‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ لاهور تاڵه‌بانی و پۆلاد تاڵه‌بانی و گیراوانی دیكه‌ی لاله‌زار له‌ ژوورگەلێکی تەنگ و بێ هەوادا دەستبەسەرکراون و لە وەرزی گەرمادا هیچ ئامێرێکی فێنککەرەوە یان سیستەمێکی هەواگۆڕکێیان بۆ دابین نەکراوە، ئەمەش ژیانیانی خستووەتە مەترسییەوە.

 

سه‌رچاوه‌كه‌ی پایته‌خت گوتی: جگە لە گەرمای تاقەتپڕووکێن، دەستگیرکراوەکان لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاوی پاک، دەرمان و پشکنینی پزیشکی بێبەشکراون. له‌ئێستاشدا ڕێڕەوی یاسایی دۆسیەکانیان لە دادگاکانی سلێمانی بەهۆی دەستوەردانی حزبییەوە پەکیکەوتووە.

 

وەک پەرچەکردارێک بەرانبەر ئەم بارودۆخە و بۆ داواکردنی گواستنەوەی کەیسەکانیان بۆ هەولێر، هەریەکە لە ڕێبوار حامید حاجی غالی و حەمەڕەش مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووە. چاوەڕوان دەکرێت لاهور تاڵەبانی و براکەشی پەیوەندی بەو مانگرتنەوە بکەن ئەگەر دادگای تەمیز بڕیارێکی خێرا بۆ گواستنەوەی دۆسیەکانیان دەرنەکات.

 

دۆسیەی لالەزار دەگەڕێتەوە بۆ مانگی 8ی ساڵی 2025، کاتێک هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار و لە ئەنجامدا سەدان کەس دەستگیرکران.

 

جێگەی ئاماژەیە پێشتر چەندین حاڵەتی گیان لەدەستدان لە ناو زیندانەکان بەهۆی ئەشکەنجە و خراپی دۆخی تەندروستییەوە تۆمارکراون.

21 حوزەیران 2026 23:04
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026