گیراوانی لالهزار جارێكی دیكه مانگرتنیان ڕاگهیاند
وردهكاریی مانگرتنی گیراوانی لالهزار لێره بخوێنهرهوه.
لە پێشهاتێکی نوێدا سەبارەت بە دۆسیەی ئاڵۆزی گیراوانی لالەزار، جارێکی دیکە دۆسیەکە بەرەو قۆناغێکی هەستیار هەنگاوی ناوە و ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییەکان و دەستگیرکراوەکان، بەهۆی ناڕەزایەتی لە جێبەجێنەکردنی یاسا، مانگرتنی گشتییان لە خواردن ڕاگەیاند.
ئهمڕۆ سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەرەی گەل بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، كه لە ئێوارەی ئەمڕۆوە، هەریەک لە ڕێبوار حامید حاجی غالی، حەمەڕەش و کۆمەڵێک لە زیندانیانی دیکەی پەیوەست بە دۆسیەی لالەزار، دەستیان بە 'مانگرتن لە خواردن' کردووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەڵوێستە وەک ناڕەزایەتییەکە بەرانبەر بە 'پەکخستنی ڕێکارە یاساییەکان و یەکلانەکردنەوەی کەیسەکانیان لە دادگا'، داواش دەکەن چیتر دۆسیەکەیان بە سیاسی نەکرێت و سەروەریی یاسا لە پرۆسەی دادگاییکردنەکەیاندا بەرجەستە بکرێت.
بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی پایتەخت میدیا، چاوەڕوان دەکرێت هەریەک لە لاهور تاڵەبانی و پۆڵاد تاڵەبانی، بچنە پاڵ مانگرتووان و ئەوانیش مانگرتن لە خواردن ڕابگەیەنن تا ئەو کاتەی چارەنووسی دۆسیەکە بە تەواوی ڕوون دەبێتەوە.
کێشەی گیراوانی لالەزار دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئابی 2025، کاتێک هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار کە بە بارهگای سەرەکیی لایەنگرانی لاهور تاڵەبانی دادەنرا. لەو ڕووداوەدا کە بە 'ڕووداوی هۆتێل لالەزار' ناسراوە، سەدان کەس دەستگیرکران و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەمە یەکەمجار نییە گیراوەکان پەنا بۆ مانگرتن دەبەن، لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی 2026دا، جارێکی دیکە مانگرتن ڕاگەیەندرا، ئەمەش وای کرد شاندێکی باڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مونا یاقوب سەردانی زیندانەکان بکەن بۆ بەدواداچوونی دۆخی تەندروستی و یاسایی گیراوەکان.
تیمی یاسایی و پارێزەرانی گیراوانی لالەزار جەخت دەکەنەوە، کە کەیسەکە ڕەهەندی سیاسی وەرگرتووە و دادپەروەری له سلێمانی جێبەجێ ناکرێت. بەو هۆیەشەوە، داوای فەرمییان پێشکەش کردووە بۆ گواستنەوەی تەواوی دۆسیەکە بۆ دادگاکانی هەولێر، بە مەبەستی دوورخستنەوەی لە فشارە سیاسییەکان و دڵنیابوونەوە لە بەڕێوەچوونی پرۆسەیەکی دادگاییکردنی بێ لایەنانە.