پایتەخت

دۆسیەی هێمن هادیە سور وەرگیرا

دۆسیەی هێمن هادیە سور وەرگیرا
کورتە

داواکاری گشتی و دەستەی مافی مرۆڤ دۆسیەی ئەشکەنجەدانی هێمن هادیە سور وەردەگرن

سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان و دەستەی مافی مرۆڤ، بە فەرمی ڕەزامەندییان لەسەر وەرگرتنی دۆسیەی ئەشکەنجەدانی هێمن هادیە سور دەربڕیوە.

 

ئەمڕۆ سلێمان موحسین، گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان و دەستەکەیان بە فەرمی ڕەزامەندییان لەسەر وەرگرتنی دۆسیەی ئەشکەنجەدانی هێمن هادیە سور دەربڕیوە، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی دژ بە ژیانی تایبەتی ناوبراو لە ناو زینداندا.

 

گوتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ جەختی کردەوە، مۆبایل بەشێکە لە ژیانی تایبەتی و پارێزراوی تاکەکەس، هەر بۆیە دەستەکەیان لەگەڵ سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێم لەسەر هێڵن بۆ دیاریکردنی میکانیزمێکی یاسایی گونجاو بە ئامانجی گرتنەبەری ڕێکارەکان، تاوەکو کارەکانی ئەم دۆسیەیە لەسەر ڕەهەندە یاسایی و مرۆییەکان بە باشی بەڕێوەبچێت.

 

بڕیاری وەرگرتنی ئەم دۆسیەیە دوای ئەوە دێت، هێمن هادیە سور، وەک یەکێک لە دەستگیرکراوانی کەیسی لالەزار، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی براکەی (هاوژین هادیە سور) بۆ چوونە دەرەوەی لە شاری سلێمانی دەستبەسەر کراوە.

 

 پێشوورتر هێمن هادیە سور لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە ناو زینداندا ڕووبەڕووی ئەشکەنجەیەکی زۆر بووەتەوە و هێزە ئەمنییەکان فشاریان لێکردووە تاوەکو کۆدی مۆبایلەکەیان بۆ بکاتەوە.

21 حوزەیران 2026 23:59
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026