رێگری لە ناردنی دۆسیەی لاهور تاڵەبانی و براکەی بۆ دادگای تەمیز دەکرێت
سەرچاوەیەکی بەرەی گەل: ئەگەر سبەی دۆسیەکە نەڕوات، مانگرتنی سەرتاسەری دەست پێ دەکات
لاهور تاڵەبانی و پۆڵاد تاڵەبانی لەگەڵ سەرجەم گیراوانی لالەزار هۆشداری بە دادگای سلێمانی دەدەن و دەڵێن: ئەم کارە نەکەن مانگرتن لە خواردن ڕادەگەیەنن.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە بەرەی گەل بە پایتەخت میدیا ڕاگەیاند، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، فشاری تووند دەخرێتە سەر دادگای دووی سلێمانی بۆ ڕێگریکردن لە ڕەوانەکردنی دۆسیەی لاهور تاڵەبانی بۆ دادگای تەمیز.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر سبەی دۆسیەکە بۆ دادگای تەمیز نەنێردرێت، لاهور تاڵەبانی، پۆڵاد تاڵەبانی و سەرجەم گیراوانی لالەزار مانگرتنی گشتی لە خواردن ڕادەگەیەنن.
ئەو سەرچاوەیە ڕوونیکردەوە، بڕیارەکانی دادگای سلێمانی لە کەیسی لالەزاردا لە دەباشانەوە دەردەچن نەک لە ناو هۆڵەکانی دادگا.
نزیکەی 10 مانگە بە بیانووی جۆراوجۆر کەیسی لاهور تاڵەبانی و گیراوانی لالەزار بە نادیاری ماوەتەوە و هیچ ڕێکارییەکی پێویست بۆ کەیسەکەیان ئەنجام نەدراوە.
لای خۆیەوە دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، هۆکاری ڕاگرتن و هێواشکردنی بەئەنقەستی کەیسەکە لە دادگای سلێمانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەیانەوێت هاوشێوەی کەیسەکەی پێشووی شاسوار عەبدولواحید، فشارەکان بەردەوام بن تاوەکو ناچاری بکەن تەنازول و سازشی سیاسی قبووڵ بکات.