دوای 10 ساڵ پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەستپێدەکاتەوە
وەزارەتی دارایی عێراق فەرانی خرجکردنی سەرمووچە و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی دەرکرد.
وەزارەتی دارایی عێراق بە فەرمانی راستەوخۆ دەستی بە خەرجکردنی سەرمووچە و فەرمانبەران کرد و سەرجەم وەزارەتەکانی پابەند کرد بە دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە و سەرمووچەی فەرمانبەران کە لە ساڵی 2016ـەوە وەستابوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، سەرجەم وەزارەت و پارێزگا و دامەزراوە سەربەخۆکانی ڕاسپارد کە دەستبەجێ دەست بە ڕێکارەکانی پێدانی سەرمووچە و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران بکەن، فالح ساری بڕیاری دا دۆسیەکانی (پلەبەرزکردنەوە، سەرمووچە، گەڕانەوەی سیاسی و هەژمارکردنی بڕوانامەکان) لە گشتاندنی وەزاریی ژمارە (137137) بەدەر بکرێن، ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی لەکاتی ڕێکخستنیان پەک نەکەون و مافی مووجەخۆران نەفەوتێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارە، وەرچەرخانێکی گرنگ لە دۆسیەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕوویدا، وەزیری دارایی عێراق ڕەزامەندی دا کە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم بخرێتە نێو ڕەشنووسی یاسای بودجەوە، کە بڕیارە لە 1ـی تەممووزەوە کارەکانی دەست پێ بکات.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان وردەکاریی زیاتری خستەڕوو و ڕایگەیاند: "ئەم بڕیارە 365,000 فەرمانبەری مەدەنی و مامۆستا لە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بەپێی بڕیارەکە هەر فەرمانبەرێک بڕی 50,000 تا 150,000 دینار دەچێتە سەر مووچەی بنەڕەتییەکەی و پلە پیشەییەکانیان 2 تا 3 پلە بەرز دەبێتەوە". ئەم سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد کە تەمویلکردنی ئەم شایستە نوێیانە پێویستی بە 65 تا 70 ملیار دیناری زیادە هەیە مانگانە.
ئەم بڕیارانە لە کاتێکدایە کە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە عێراق لە ساڵی 2019ـەوە و لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2016ـەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیرابوو. حکومەتی ئێستا دەیەوێت لەرێگەی ئەم هەنگاوەوە، متمانە بۆ کەرتی گشتی بگەڕێنێتەوە و سەقامگیریی پیشەیی بۆ مووچەخۆران دابین بکات.