پڕۆژەکەی زاوای ترەمپ لە پایتەختی ئەلبانیا
پڕۆژەی 4 ملیار یۆرۆیی زاوای ترەمپ بۆچی بووەتە مەترسی بۆ سەر فلامینگۆکان؟
پڕۆژەیەکی گەشتیاریی کەناراوەکان لە ئەلبانیا کە پەیوەندی بە جارێد کوشنەر، زاوای دۆناڵد ترەمپەوە هەیە، ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی ژینگەدۆستان و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە بووەتەوە، ئەم ناڕەزایەتییانە کە بە "شۆڕشی فلامینگۆ" ناسراون، لە لایەن ڕەخنەگرانەوە بۆ داواکاری دەستلەکارکێشانەوەی ئیدی ڕاما، سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا گۆڕاون.
پڕۆژەکە دروستکردنی هاوینەهەوارێکی لوکس لە ناوچەیەکی پارێزراوی سروشتیدا دەگرێتەوە کە یەکێکە لە شوێنە نیشتەجێبوونە سەرەکییەکانی باڵندە کۆچبەرەکانی فلامینگۆ، سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان و لێکۆڵینەوەکانی فەرمانگەی داواکاری گشتی لەسەر فرۆشتنی زەوییەکانی ئەو پڕۆژەیە بە بەهای 128.3 ملیۆن یۆرۆ، سەرۆکوەزیران ئامادە نییە پاشەکشە بکات و ڕایدەگەیەنێت پڕۆژەکە کە بڕیارە بە بڕی 4 ملیار یۆرۆ ئەنجام بدرێت، کەرتی گەشتیاری وڵاتەکە بەرەو قۆناغێکی نوێ دەبات.
لەلایەکی دیکەوە، ئیڤانکا ترەمپ، کچی دۆناڵد ترەمپ کە هاوبەشی پڕۆژەکەیە، ڕایگەیاند لەکاتی گەشتێکی دەریاییدا لە ساڵی 2022 بە شێوەیەکی ڕێکەوت ئەو کەناراوە پاکەی ئەلبانیایان دۆزیوەتەوە کە بۆ ماوەی دەیان ساڵ بەهۆی حوکمی سۆسیالیستی پێشووەوە بێ دەستکاریکردن مابووەوە، یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاندووە کە چاودێری پڕۆژەکە دەکات بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونی ئەلبانیا بە مەرجەکانی ژینگەیی پێش چوونە ناو یەکێتییەکەوە.