پایتەخت

کەی نرخی بەنزینی بازرگانی دادەبەزێت؟

کەی نرخی بەنزینی بازرگانی دادەبەزێت؟
کورتە

پێشبینی نوێ بۆ دابەزینی نرخی بەنزین لە ڕۆژانی داهاتوودا دەکرێت

ماوەی دوو هەفتەیە نرخی بەنزینی بازرگانی بووەتە نیگەرانی شۆفێرانی ناوچە جیا جیاکانی هەرێمی کوردستان، بەرپرسانی بەنزینخانەکانی سلێمانی و هەولێر لەبارەی دابەزینی نرخەکان ڕوونکردنەوە دەدەن.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند، نرخی بەنزین لە سلێمانی بەرزبوونەوەیەکی کەمی بەخۆیەوە بینیوە کە تەنیا 50 دینارە و لە ئێستادا نرخی بەنزینی بازرگانی لە جۆری نۆرماڵ بە 1000 دینار جێگیرە. 

 

بەهمەن شێخ قادر ئاماژەی بەوە دا، فشارێکی زۆر لەسەر بەنزینخانەکان هەیە و ڕێگەنەدراوە نرخەکەی زۆر بەرز ببێتەوە، چونکە چاوەڕوان دەکرێت دابەزین ڕوو بدات.

 

گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی جەختی لەوە کردەوە، سووتەمەنی باش زۆر کەمە و ئەوان دەیانەوێت بە زووترین کات نرخەکان دابەزن. 

 

بەهمەن شێخ قادر ئاشکرای کرد، پەیامییان بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ناردووە تاوەکو ڕێژەی ئەو بەنزینخانانە زیاد بکرێت کە بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکەن، چونکە لە ئێستادا تەنیا 4 بەنزینخانە لە سلێمانی بەو نرخە سووتەمەنی دابەش دەکەن.

 

لەلایەکی دیکەوە، جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند، وادەی دابەزینی نرخەکان لای ئەوان نییە و وەڵامەکەی تەنیا لای وەزارەتی سامانە سروشتییەکانە.

 

جەنگی مەجید باسی لەوە کرد، بەنزینی هەولێر کوالێتی باشتری هەیە، هەر بۆیە نرخەکەی بەراورد بە سلێمانی زیاتر بەرزبووەتەوە. 

 

سەبارەت بە سووتەمەنی پاڵپشتیکراو سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر ئاشکرای کرد، لە هەولێر 23 بەنزینخانە بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراوی 750 دیناری دابەش دەکەن، لەگەڵ دەڤەری سۆراندا کۆی گشتی دەگاتە 25 بەنزینخانە.

21 حوزەیران 2026 19:23
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026