مەسرور بارزانی بەردی بناغەی گەورەترین مزگەوتی دانا
مەسرور بارزانی بەردی بناغەی مزگەوتی گەورەی بارزانی دانا و ڕووبەرەکەی 2 ملیۆن مەتر چوارگۆشەیە.
پڕۆژەی (مزگەوتی گەورەی بارزانی) کە بیرۆکەی دروستکردنی بۆ 3 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و لەڕێورەسمێکی بەرفراواندا بە ئامادەبوونی زانایانی ئایینی و کەسایەتییە دیارەکان، بەردی بناغەی داندرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی (مزگەوتی گەورەی بارزانی) دانا، لە گوتارێکدا ئامانجی ستراتیژیی پڕۆژەکەی ڕوونکردەوە و رایگەیاند: "ئامانج لەم پڕۆژەیە دروستکردنی تەنیا شوێنێک نییە بۆ خواپەرستی، بەڵکو دەبێتە ناوەندێک بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو لە ڕووی زانستی و ئایینییەوە خۆیان پێ بگەیەنن و خزمەتی پێکەوەژیانی ئاشتییانە بکەن."
سەبارەت بە رەهەندی مرۆیی و کرانەوەی پڕۆژەکە بەڕووی پێکهاتە جیاوازەکاندا، سەرۆکوەزیران ئاشکرای کرد: "لە پاڵ مزگەوتەکەدا، بەشێکی تایبەت بۆ پێکهاتە و ئایینەکانی دیکەش دروست دەکرێت بۆ ئەوەی ببێتە مەڵبەندێک بۆ خزمەتکردنی هەموو هاووڵاتییان بەبێ جیاوازی."
دیزاینی تەلارسازیی ئەم مەڵبەندە ئایینییە، رەنگدانەوەی کەلوپەلی رەسەنی کوردییە، مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر ئەم لایەنە و گوتی: "شێوازی مزگەوتەکە لە رەشماڵ و چادری کوردییەوە وەرگیراوە، لە مێژووی ئێمەدا رەشماڵ تەنیا شوێنی نیشتەجێبوون نەبووە، بەڵکوو لە کاتی ئاوارەیی، بێکەسی و شۆڕش و بەرخوداندا، پەناگە و هێمای خۆڕاگری بووە بەراببەر بە زوڵم و ستەم."
لەکۆتاییدا سەرۆکوەزیران هۆکاری ناونانی پڕۆژەکەی بۆ وەفاداری گەڕاندەوە و گوتی: "ئەمە وەکو وەفایەکە بۆ رێزلێنان لە گەورەترین رابەری هاوچەرخی نیشتیمانی و نەتەوەیی گەلەکەمان، کە بووەتە سیمبولی خوداناسی و نیشتمانپەروەری و دادپەروەری و ئاشتەوایی".
ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆژەکە رەنگدانەوەی ئەو بەها بەرزانەیە کە شێخانی تەریقەتی بارزان، لە زەمانی شێخ عەبدولسەلامی شەهیدەوە تا شێخ ئەحمەدی نورانی و تەواوی پیاوە گەورە ئاینییەکانی کوردستان بەجێیان هێشتووە و دەبێتە شوێنێک بۆ یادکردنەوەیان.