پایتەخت

بەردی بناغەی مزگەوتی گەورەی بارزانی لە هەولێر دانرا

بەردی بناغەی مزگەوتی گەورەی بارزانی لە هەولێر دانرا
کورتە

گەورەترین مزگەوتی جیهان لەسەر ڕووبەری دوو ملیۆن مەتر چوارگۆشە لە هەولێر دروست دەکرێت.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەردی بناغەی گەورەترین مزگەوتی لەسەر ئاستی جیهان لە ڕووی ڕووبەرەوە دانا، کە لەسەر زەوییەکی دوو ملیۆن مەتر چوارگۆشە دروست دەکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی ئایینی و کەسایەتی، بەردی بناغەی پرۆژەی مزگەوتی گەورەی بارزانی دانا، کە چەندین ژمارەی پێوانەیی لەسەر ئاستی جیهان لەخۆدەگرێت.

بیرۆکەی دروستکردنی ئەم مزگەوتە لە ساڵی 2023 لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دروستبووە و لەلایەن تیمێکی ئەندازیاری کوردستانی، بە سەرپەرشتی ئەندازیار گۆران رەشید فەتاح، دیزاین کراوە بە ئامانجی زیندووکردنەوەی تەلارسازیی کوردی و بەرجەستەکردنی سرووشتی کوردستان و گوزارشتکردن لە خەباتی مێژوویی کورد.

پڕۆژەکە لەسەر ڕووبەری زیاتر لە دوو ملیۆن مەتر دووجا دیزاین کراوە و چەندین پێوەری جیهانیی شکاندووە. پڕۆژەکە لە چەندین بەشی گرنگ پێکهاتووە، لەوانە: هۆڵی سەرەکیی مزگەوت، کە گەورەترین گومبەت و بەرزترین دەرگا لەسەر ئاستی جیهان لەخۆدەگرێت. هەروەها گەورەترین هۆڵی بۆنە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان و شوێنی نوێژکردن بۆ زیاتر لە 700 هەزار کەس لەیەک کاتدا.

هاوکات ڕووبەرێکی فراوانی مزگەوتەکە پێکدێت لە سەوزایی و داراستان، کە یەک ملیۆن داری تێدا دەچێندرێت، لەگەڵ دروستکردنی گەورەترین تاڤگەی دەستکرد لەسەر ئاستی جیهان، کە بە بەرزیی 48 مەتر دەرژێتە ناو دەریاچەیەکی دەستکرد لەناو مزگەوتەکەدا.

لە ڕوانگەی ئەندازیاری و دیزاینەوە، تەلاری سەرەکیی مزگەوتەکە لەسەر گردێک دروست دەکرێت لەسەر شێوازی ڕەشماڵی کوردی و گەورەترین گومبەت لەسەر ئاستی جیهان لەخۆدەگرێت و باڵەخانەکانی دیکەش لەسەر شێوازی خێمە کوردی دیزاین کراون.


هاوکات مزگەوتەکە گەورەترین کاتژمێری ڕۆژی و گەورەترین مافووری بەدەستچنراو لەسەر ئاستی جیهان و بەرزترین دەرگا لەسەر ئاستی جیهان لەخۆدەگرێت و لە منارە بەرزەکانیشیدا، بەرزکەرەوە بۆ بینینی تەواوی شاری هەولێر بەردەست دەبێت.


هەروەها ئەم پرۆژەیە کتێبخانە و شوێنی گەورەترین ئەرشیفکردنی نووسراوە کوردی و ئایینییەکان، هۆڵی کۆنفرانس، مۆزەخانەی تایبەت بە مێژوو و دەستنووسی کوردی و ناوەندێکی زانستی بە خوێندنە شەرعییەکان،  هۆڵی نانخواردنی گشتی، بازاڕی تایبەت بە کەلوپەلی ئایینی و کوردی و شوێنی تایبەت بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل لە خۆدەگرێت.

21 حوزەیران 2026 16:35
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026