پایتەخت

هاتوچۆی هەولێر سەرجەم دەنگۆکان ڕەتدەکاتەوە

هاتوچۆی هەولێر سەرجەم دەنگۆکان ڕەتدەکاتەوە
کورتە

هاتوچۆی هەولێر سەرجەم دەنگۆکان لەبارەی ڕاگرتنی دەوام لەو بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕەتدەکاتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ڕوونکردنەوە لەسەر دەنگۆی ڕاگرتنی مامەڵەی هاووڵاتییان دەدات و ڕایدەگەیەنێت، کە ڕاگرتنی دەوامی فەرمی تەنها یەک بەش دەگرێتەوە کە ئەویش بەشی مۆڵەتە.

ئەمڕۆ یەکشەممە عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر سەبارەت بە ڕاگرتنی مامەڵەکان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، تەنها لە بەشی مۆڵەت داواکاری و ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان ڕاگیراوە، ئەمەش بەهۆی کارکردن لەسەر نوێکردنەوە (Update)ـی سێرڤەرەکانی ئەو بەشە.

گوتەبێژی هاتووچۆ دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە لە بەشەکانی دیکەی وەک بەشی تۆمار و بەشەکانی تری بەڕێوەبەرایەتییەکە، دەوام بە شێوازێکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت و هیچ کێشەیەک لە ڕاییکردنی مامەڵەکردندا نییە.

سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنەوەی کارەکانی بەشی مۆڵەت، گوتی: "هێشتا کاتێکی دیاریکراو نییە، بەڵام هەر کاتێک پرۆسەی نوێکردنەوەی سێرڤەرەکان بە کۆتا هات، لە ڕێگەی پەیجی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ لە فەیسبووک هاووڵاتییان لە دەستپێکردنەوەی مامەڵەکان ئاگادار دەکەیەنەوە".

21 حوزەیران 2026 15:26
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026