پایتەخت

وەزارەتێکی نوێ لە عێراق دروست دەکرێت

 وەزارەتێکی نوێ لە عێراق دروست دەکرێت
کورتە

سەرۆکوەزیرای عێراق لە کۆبوونەوەکەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیران چەندنی بڕیاری گرنگی دەرکردووە.

لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا عێراق بەرەو دامەزراندنی وەزارەتێکی نوێ هەنگاو دەنێت و ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پێشووی کار کاندیدی سەرەکییە بۆ وەرگرتنی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هاوپەیمانیی عەزم بە تووندی دژی پڕۆژەکەیە.

عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی ڕایگەیاند، ئاڕاستەیەک بۆ پێشکەشکردنی ناوی ئەحمەد ئەسەدی هەیە تا دۆسیەی گەشتوگوزار لە عێراقدا بگرێتە دەست، ئەوەش لە ڕێگەی هێنانەکایەی وەزارەتێکی سەربەخۆ بۆ ئەو کەرتە، عەلی دیفاعی جەختی کردەوە کە ئەزموونە ئیدارییەکانی ئەسەدی دەتوانێت ئەم سێکتەرە ببووژێنێتەوە.

سەرچاوەیەکی باڵا لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای کرد، بیرۆکەی پێکهێنانی وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە بە تەواوی هەڵوەشاوەتەوە و بڕیار دراوە لەبری ئەوە وەزارەتی گەشتوگوزار دابمەزرێنرێت. بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، ئەسەدی کە سەرۆکی بزووتنەوەی سۆمەرییەکانە، بەبێ هەبوونی "خاڵی سیاسی پێویست" کاندید کراوە، ئەمەش بووەتە جێی سەرنج.

لە بەرەی ناڕەزایەتییەکاندا هاوپەیمانیی عەزم نیگەرانی قووڵی خۆی دەربڕیوە، بەو پێیەی گەشتوگوزار ئێستا بەشێکە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری، جیاکردنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانە و پێدانی بە ئەسەدی، بە هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و دابەشکارییەکی سیاسی نوێ دەبینرێت.

لەکۆتاییدا عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوور لەم ململانێیانە جەخت لە سەربەخۆیی خۆی دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەدات کە هیچ فشارێکی سیاسی بۆ پێکهێنانی کابینەکەی لەسەر نییە، بەڵکو تەنها کار لەسەر جێبەجێکردنی دیدگای خۆی بۆ چارەسەری ئاڵنگارییە دارایی و ئابوورییەکانی وڵات دەکات.

21 حوزەیران 2026 10:19
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026