ڕاوێژکاری خامنەیی: ئەمریکا پابەندی یەکەم خاڵی ڕێککەوتن نابێت
سەرەڕای هەوڵەکانی دانوستان، ئێران تائێستا گەرووی هورمز وەک کارتی فشار بەکار دەهێنێت.
دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران شلۆقییان پێوە دیارە بەهۆی ئەوەی تائێستا ئێران بەبیانووی "بەردەوامبوونی جەنگ لە لوبنان" بانگەشەی داخستنی گەرووی هورمز دەکات.
محەممەد مۆخبەر، ڕاوێژکاری موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، ئەمریکا لە جێبەجێکردنی یەکەم خاڵی یاداشتنامە 14 خاڵییەکە شکستی هێناوە، کە لە ئاگربەستێکی گشتگیر لە هەموو بەرەکانەوە پێکدێت، بە لوبنانیشەوە.
لە درێژەی پۆستەکەی محەممەد مۆخبەر دا هاتووە، ئەمریکییەکان تێگەیشتنێکی باشتریان بۆ زمانی ئابووری و شیکردنەوەی زەرەر و قازانج هەیە، ئەگەر ڕێكکەوتنەکە تەنیا لەسەر کاغەز بمێنێتەوە، ئەوا هاتووچۆی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەوەستێت، هۆشداریش دەدات لەوەی "دانوستانەکانمان ناهێنەدی تا بەتەواوی ملکەچی پابەندییەکان نەبن و مافی نەتەوەکەمان نەپارێزرێت."
قسەکانی ڕاوێژکاری خامنەیی لە کاتێکدایە، دوێنی بارەگای خاتەمولئەنبیا داخستنی گەرووی هورمزی ڕاگەیاند بەهۆی "هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان."
لەبەرامبەردا جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئەو دەنگۆیانەی ئێرانی بۆ داخستنی گەرووی هورمز ڕەت کردەوە و جەختی کردەوە لەوەی "هێزەکانی ئەمریکا دڵنیایی لە دەستپێکردنەوەی هاتووچۆی بازرگانی دەدەن." هاوکات فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) تیپەڕبوونی 55 کەشتی بازرگانی، کە 17 ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەڵگرتبوو، بە گەرووی هورمزدا ڕاگەیاند.
درەنگانی شەوی رابردوو شاندی دانوستانکاری ئێران بە سەرۆکایەتی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە گەیشتنە جنێف و شاندەکەی ئەمریکاش کە جەی دی ڤانس سەرۆکایەتی دەکات ئەم بەیانییە گەیشتە سویسرا، وابڕیارە گەڕێکی نوێی دانوستان لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەبچێت، بە ئامانجی کۆتاییهێنانی یەکجاری جەنگ بە پشتبەستن بەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی پێشتر لە نێوان هەردوولادا واژۆ کراوە.