ئەمریکا و ئێران لە سویسڕا کۆدەبنەوە
ئەمڕۆ ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و ناکۆکییەکان لە سویسڕا کۆدەبنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە لە وڵاتی سویسڕا، قۆناغێکی یەکلاکەرەوە لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تاران دەستپێدەکات، بڕیارە هەردوو شاندی باڵای ئەمریکا و ئێران، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشن، ئەمەش دوای شکانی ئەو بەربەستە دیپلۆماسییانەی کە بوونە هۆی دواخستنی کۆبوونەوەکە.
درەنگانی شەوی ڕابردوو، شاندی ئێرانی بە سەرۆکایەتی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گەیشتنە شاری جنێف. هەروەها شاندی ئەمریکی بە سەرۆکایەتی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ هەمان مەبەست گەیشتە سویسڕا بۆ دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی دانوستانەکان.
موحسن نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان دوێنێ سەردانی تارانی کرد بە ئامانجی سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتەوایی و نزیککردنەوەی دیدگای هەردوو وڵات، تاوەکو ئەمجارە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بگەنە ئەنجامێکی کۆنکرێتی.
ئەم کۆبوونەوە چارەنووسسازە، بڕیاربوو لە ڕێکەوتی 19.6.2026 ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان و ناڕەزایەتییە توندەکانی کاربەدەستانی تاران بەرامبەر ئەو هێرشانە، بۆ ئەمڕۆ دواخرا. ئێستا چاوەکان لەسەر جنێفن تاوەکو بزانرێت ئایا ئەم دیدارە دەبێتە خاڵی کۆتایی بە ململانێ درێژخایەنەکانی نێوان هەردوو جەمسەرە ناکۆکەکە یاخود نا.