پایتەخت

ئەربەکان ڕکابەری ئەردۆگان و ئیمامۆغڵو دەکات

ئەربەکان ڕکابەری ئەردۆگان و ئیمامۆغڵو دەکات
کورتە

پێشنیازێکی نوێ هەیە بۆ مانەوەی ئەردۆگان لە پۆستەکەی و کوردیش کلیلی یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنەکەیە

ململانێ سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا لە ساڵی 2028 لە ئێستاوە بە توندی دەستی پێکردووە. لە نوێترین پێشهاتدا، فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفا ڕایگەیاند، بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بەبێ گەڕانەوە بۆ لایەنەکانی دیکە دەچێتە کێبڕکێکەوە.


ئەربەکان ئاشکراشیکردووە لە ئێستاوە هەڵمەتی خۆڕێکخستنەوە و ئامادەکاری دەستپێدەکات و دەبێتە کاندیدی سەرلەنوێ رەفا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا و ئاماژەی بە ویستی پارتەکەشی بۆ هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی سەعادەت دا، بەو پێیەی هەردوولا لەسەر ڕێبازی باوکی نەجمەددین ئەربەکانن.

 

بەپێی دەستوور، ئەردۆگان لە خولی کۆتاییدایە و بۆی نییە کاندید بێتەوە. بۆ ڕێگەخۆشکردن، محەمەد ئوچومی ڕاوێژکاری ئەردۆگام پێشنیازی کردووە هەڵبژاردن پێشبخرێت بۆ 16ـی نیسانی 2028، چونکە بەپێی ماددەی 116 لە دەستووری تورکیا، ئەگەر پەرلەمان بە 360 دەنگ، وادەی هەڵبژاردن پێشبخات، سەرۆککۆمار مافی کاندیدبوونەوەی دەبێت. بۆ ئەم هەنگاوەش پاڵپشتی دەوڵەت باخچەلی هەیە و چاویان لە پشتیوانی دەم پارتیشە.

 

لە بەرەی ئۆپۆزسیۆندا، ئەکرەم ئیمامۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ، بەهێزترین کاندیدە بەڵام بەهۆی چەند داوایەکی یاساییەوە ئێستا لە زیندانە کە تۆمەتی جۆراوجۆری خراوەتە پاڵ و مەترسی دوورخستنەوەی هەیە. بۆیە لە بەرامبەردا، مەنسوور یاواش، سەرۆکی شارەوانی ئەنقەرە ئەگەری هەیە وەک کاندیدێکی سەربەخۆ یان دەرەوەی جەهەپە بێتە پێشەوە، بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانی جەهەپە، دوای گەڕانەوەی کەمال کڵچدارئۆغڵو بە بڕیاری دادگا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی کۆنگرەی ڕابردووی ئەو پارتە.

 

لە ئەگەری خۆکاندیدنەکردنی ئەردۆگان، سەرچاوە میدیایی و ناوەندە سیاسییەکانی تورکیا باس لە کاندیدکردنی هاکان فیدان دەکەن لەلایەن ئاکپارتییەوە بۆ شوێنگرەوەی ئەردۆگان، بەڵام لە ئەگەری گۆڕانکاری سیاسی لە دەرئەنجامی پرۆسەی ئاشتی، ئاکپارتی و مەهەپە، چاویان لە هاوپەیمانی کوردە بۆ گۆڕینی هاوکێشەی سیاسی لە تورکیا.

 

لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2023، ئەردۆگان لە خولی دووەمدا بە 52.18٪ـی دەنگەکان سەرکەوت بەرامبەر کڵچدارئۆغڵو کە ڕێژەی 47.82ـی بەدەستهێنا. هەروەها لە هەمان ساڵدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو، کە و ئاکپارتی 268 کورسی بردەوە و جەهەپەش بووە خاوەنی 169 کورسی. بەڵام لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان جەهەپە بە بەدەستهێنانی ڕێژەی 37.7٪ـی دەنگەکان بووە یەکەمی تورکیا و شارەوانییە گەورەکانی ئیستانبوڵ، ئەنقەرە و ئیزمیری بردەوە، لە کاتێکدا ئاکپارتی دەنگەکانی بۆ 35.4٪ دابەزی.

 

قەیرانی ئابووری، بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بۆ 30٪ و هاتنەپێشەوەی نەوەیەکی نوێ کە داوای گۆڕانکاری دەکەن، مەترسییان بۆ ئاکپارتی دروستکردووە کە دووبارە پارێزگاری لە پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا بکات، بۆیە دۆسیەی ئاشتی بۆ بەدەستهێنانی دەنگی کورد کە لە نێوان 15٪ بۆ 20٪ـی دەنگەکانی تورکیایە، وەک خاڵی یەکلاییکەرەوە لە هاوکێشەکە دادەنرێت.

 

بۆیە بەشێک لە چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن، ئەردۆگان لە دەرکردنی یاسای چوارچێوەی گشتی لە پەرلەمان وەک بەشێک لە ڕێکارەکانی چەسپاندنی پرۆسەی ئاشتی بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان و دەمیرتاش پێش هەڵبژاردن، سوودمەند دەبێت بە بەدەستهێنانی هاوسۆزی و پشتیوانی کورد.

20 حوزەیران 2026 23:44
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026