پایتەخت

بە درۆن هێرشکرایە سەر هەیبەت حەلبووسی و محەممەد حەلبووسی

بە درۆن هێرشکرایە سەر هەیبەت حەلبووسی و محەممەد حەلبووسی
کورتە

لە دوو ڕووداوی جیادا بە درۆن هێرش دەکرێتە سەر ماڵی هەیبەت حەلبووسی و محەممەد حەلبووسی

بە درۆن هێرش دەکرێتە سەر ماڵی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و درۆنێکی دیکەش لە نزیک ماڵی محەممەد حەلبووسی دەکەوێتەوە خوارەوە و بەگوێرەی زانیارییەکانیش هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 20ـی حوزەیرانی 2026، لە شارەدێی گەرمەی سەر بە پارێزگای ئەنبار، کە بە پێگەی سەرەکیی کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەردوو سەرکردەی سووننە، محەمەد حەلبووسی و هەیبەت حەلبووسی دادەنرێت، دوو ڕووداوی هێرشی درۆنی ڕوویدا، کە بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکان هیچ زیانی گیانی نەبووە.

 

میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردۆتەوە، لە ڕێگەی درۆنێکی خۆکوژییەوە هێرشکراوەتە سەر ماڵی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. بەپێی سەرچاوە ئەمنییەکانی پۆلیسی ئەنبار، سەرەڕای ئامادەبوونی حەلبووسی و خانەوادەکەی لەنێو ماڵەکەدا لە کاتی تەقینەوەکەدا، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و تەنیا زیانی ماددی بەدوای خۆیدا هێناوە. 

 

دوای ڕووداوەکەش، هێزی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق و پۆلیسی پارێزگاکە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دیاریکردنی شوێنی هەڵدانی درۆنەکە.

 

هاوکات پێش ئەو هێرشە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دیکە لە جۆری "شاهید 101"ـی دروستکراوی ئێران، لە نزیک ماڵی محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدووم و سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کەوتەخوارەوە و ئاگر لە بەشێک لە موڵکەکانی حەلبووسی کەوتووەتەوە بەڵام تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنەکە و ئاگرەکەیان بەبێ زیانی گیانی کۆنتڕۆڵ کردووە. 

 

درۆنی شاهید 101 کە لەم ڕووداوانەدا بەکارهاتووە، بە قەبارە بچووکەکەی و بزوێنەرە بێدەنگەکەی دەناسرێتەوە، کە بەهۆی نزمیی فڕینیەوە دۆزینەوەی لەلایەن ڕادارەکانەوە زەحمەتە و زۆرجار لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکەوە بۆ هێرشی درێژمەودای ورد بەکاردەهێنرێت.

20 حوزەیران 2026 22:48
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026