کێشەی 120 ملیار دینارەکە نامێنێت
جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا زۆربەی کێشە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر دەکات
دوای ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، پابەندبوونی هەرێم بە سیستمی جیهانیی ئەسیکۆدا، زۆربەی بەربەستە داراییەکانی بەغدا لەسەر بەشە بودجە و مووچە چارەسەر دەکات.
ڕۆژی پێنجشەممە، 18ـی حوزەیران، لە درێژەی کۆبوونەوەکانی هەردوو شاندی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ توانیویانە لەسەر تەواوی وردەکارییە هونەری، کارگێڕی و تەکنیکییەکانی تایبەت بە سیستمی ئەسیکۆدا بگەنە ڕێککەوتن.
ئەمڕۆ شەممە جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، پێویستە بەغدا پابەندبێت بە ناردنی شایستە داراییەکان و بەشە بودجەی هەرێم، بەتایبەت دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان ئامادەیی تەواوی نیشانداوە بۆ جێبەجێکردنی سیستمی نوێی گومرگی.
بە گوتەی جەمال کۆچەر، واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتنە تەکنیکییە وا دەکات کە هیچ بەربەستێک بە ناوی 120 ملیار دینارەکە بۆ ناردنی پارەی مووچە لە لایەن حکومەتی ناوەندییەوە نامێنێت و زۆربەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی پێشوو چارەسەر بکرێن.
سیستمی ئەسیکۆدا سیستمێکی ئەلیکترۆنیی جیهانییە بۆ بەڕێوەبردنی داتاکانی گومرگ کە لە لایەن کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان پەرەی پێدراوە.
ئامانج لە جێبەجێکردنی لە عێراق و هەرێم، یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان، نەهێشتنی گەندەڵی، ئاسانکاری بۆ جووڵەی بازرگانی و زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکانە.