پایتەخت

ئیسرائیل 12 ناوچەی لوبنانی بۆردوومان کرد

 ئیسرائیل 12 ناوچەی لوبنانی بۆردوومان کرد
کورتە

ئیسرائیل ئاگربەستی پێشێل کرد و بە چڕی 12 ناوچەی لوبنانی کردە ئامانج و 51 کەس بوونە قوربانی.

کەمتر لە 24 کاتژمێر دوای ڕێککەوتنێکی مێژوویی ئەو ئاگربەستەی دۆناڵد ترەمپ بە کرێمی سەر کێکەکەی وەسف کردبوو لە باشووری لوبنان هەرەسی هێنا، ئیسرائیل بە چڕی چەندین ناوچەی بۆردوومان کرد و بەهۆیەوە دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە سویسرا ڕاگیران.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاسمانی باشووری لوبنان بە دەنگی تەقینەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هەژایەوە، بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکانی ئاژانسی وەتەنیە، تەلئەڤیڤ زیاتر لە 12 شوێنی جیاوازی کردووەتە ئامانج، کە دیارترینیان ناوچەکانی (نەبەتیە ئەلفەوقا، دێرزەهران، و جەبەل ئەلڕەفیع) بوون، ئەم هێرشانە تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هاتن کە ئیسرائیل و حزبوڵڵا لەسەر وەستاندنی پێکدادانەکان ڕێککەوتبوون.

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان نوێترین ئاماری قوربانییەکانی بڵاوکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی دوێنێ و بەرەبەیانی ئەمڕۆ، 18 کەس گیانیان لەدەستداوە و 33 کەسی دیکەش بریندارن، تەنیا لە نەبەتیە و دێرزەهران و دویر، کوژرانی 5 هاوڵاتی لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ئەمڕۆدا پشتڕاستکراوەتەوە.

ئەم گرژییە نوێیە بووە هۆی پەکخستنی گەورەترین پڕۆژەی دیپلۆماسیی ساڵ، ئێران بە فەرمی ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان تاران و واشنتن لە سویسرا دوادەخات، کە بڕیار بوو ڕۆژی هەینی ئەنجام بدرێت. ئەمە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ NBC News ڕایگەیاندبوو: "من خۆم داوای ئاگربەستم لە ئیسرائیل کردووە، ئەمە وەک کرێمەکەی سەر کێکەکەیە بۆ ڕێککەوتنە گەورەکەمان لەگەڵ ئێران."

بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، هێزەکانیان لە ناوچەیەکی سنووریی بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر دەمێننەوە و گوتی: "تا حزبوڵڵا هێرش نەکات، شەڕ نابێت". بەڵام بۆردوومانە چڕەکانی ئەمڕۆ ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئاگربەستەکە تەنیا سەر کاغەز بووە و مەترسیی هەڵگیرسانەوەی شەڕێکی گشتگیر لە ئارادایە.

20 حوزەیران 2026 10:21
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026