ئیسرائیل هەوڵ دەدات سیاسەتی ئەمریکا بگۆڕێت
جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەرپرسەکانی ئەمریکا لە پرسێکی هەستیار ئاگادار دەکاتەوە.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی بێپەردەدا ڕایگەیاندووە، پێویستە سەرکردەکانی وڵاتەکەی تەنیا کار بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکەن، نەک دەوڵەتانی دیکە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ کاریگەری خستنە سەر بڕیارەکانی کۆشکی سپی دوای ڕێککەوتنە مێژووییەکەی واشنتن و تاران.
لە وەرچەرخانێکی چاوەڕواننەکراودا بۆ نەخشەی سیاسی ناوچەکە، پێنجشەممەی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعوود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران، لێکتێگەیشتنێکی ستراتیژییان واژۆ کرد، ڕێککەوتنەکە نەک هەر کۆتاییهێنان بە جەنگی لوبنان لەخۆدەگرێت، بەڵکو تەرخانکردنی 300 ملیار دۆلاریش بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران دەستەبەر دەکات.
لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا، ڤانس وەڵامی ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییانەی دایەوە کە دژی ئەم لێکتێگەیشتنە وەستاونەتەوە و گوتی: "پێویستە سەرکردەکانی ئەمریکا زۆر هۆشیار بن لەوەی ئایا ئەو ئەجێندایەی هەوڵی بەدیهێنانی دەدەن خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکات یان بەرژەوەندی دەوڵەتێکی دیکە".
جێگری سەرۆکی ئەمریکا دانی بەوەدا نا کە ئیسرائیل هاوشێوەی وڵاتانی تر هەوڵی داوە ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بگۆڕێت، هەروەها ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەسەر وردەکارییەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ تاراندا خاوەن دیدگای جیاوازن و کێشە لە نێوانیاندا هەیە.
ئەم گرژییە دیپلۆماسییە دوای ئەوە دێت کە پێنجشەممەی ڕابردوو، ڤانس بە تووندی ڕەخنەی لەو ئەندامانەی حکومەتی ئیسرائیل گرت کە هێرشیان کردبووە سەر یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران، ئەمەش ئاماژەیە بۆ قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ.