خوێندکارانی زانکۆ دژی دکتۆر عەبدولەتیف دەوەستنەوە
خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی هەڵوێستی تووند دژ بە د. عەبدولەتیف ئەحمەد دەگرنە بەر.
خوێندکارانی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سلێمانی، بە فەرمی هەڕەشەی بایکۆتی گشتیی ساڵی نوێی خوێندن دەکەن و داوای دوورخستنەوەی دەستبەجێی دکتۆر عەبدولەتیف ئەحمەد دەکەن، ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی چەندین بەڵگە لەسەر بێزارکردنی خوێندکارانی کچ لە ناو کۆلێژەکەدا.
ئەمڕۆ شەممە، خوێندکارانی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سلێمانی پەیامێکی ناڕەزایی تووندیان ئاراستەی ڕای گشتی و ناوەندە باڵاکانی بڕیار کرد و ڕایانگەیاند، "ئاشکرایە چەند ڕۆژێکە کۆمەڵێک بەڵگە لەسەر بێزارکردنی کچە خوێندکارەکانی کۆلێژەکەمان لە لایەن مامۆستایەکمان بە ناوی دکتۆر عبدللەتیف ئەحمەد بڵاوبووەتەوە، ئەوە شتانەی باس دەکرێت زۆرینەی ئێمەی خوێندکار کەمتر یان زیاترمان بە چاوی خۆمان بینیوە".
خوێندکاران لە بەیاننامەکەیاندا داوایەکی ڕاشکاویان ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، سەرۆکایەتی زانکۆی کردووە، بۆ ئەوەی دەستبەجێ لێپێچینەوە لەگەڵ دکتۆر عەبدوللەتیف ئەحمەد و تەواوی ئەو لایەنانە بکرێت کە لە ئاست ئەم دۆخەدا کەمتەرخەم بوون.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیاندا ئاشکرای دەکەن کە چەندین شتی ناڕەوا ڕوودەدات و دەڵێن: "جیاوازی نێوان خوێندکارە کوڕەکان و کچەکانمان بە چاوی خۆمان بینیوە، ئەم کۆلێژە کە فێری عیلمی پیرۆزمان دەکەن چیرۆکی زۆر قێزەونی تێدا ڕوویداوە ڕۆژانە، خوای گەورە ویستی وابووە لەم کاتەدا ئەم شتانە ئاشکرا ببن".
خوێندکارانی زانکۆکە هۆشدارییەکی تووند دەدەنە وەزارەتی خوێندنی باڵا و سەرۆکایەتی زانکۆکە و دەڵێن: "بە هیچ جۆرێک ناتوانین قبووڵی بکەین کەسی ناوبراو وەک مامۆستا یان هەر چییەکی دیکە لە کۆلێژ و زانکۆکەمان بەردەوام بێت، دڵنیا بن لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن بایکۆتی گشتی و سەرتاسەری ڕادەگەیەنین و واز لە خوێندن لەو کۆلێژە دەهێنین، ئەوەش تاکو گەورەترین دەنگدانەوە دژی ئەو سوکایەتییە بە دین و زانکۆ و سلێمانی و کوردستان دەکرێت. هەروەها پێویستە تەواوی لایەنی کەمتەرخەم لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت".
ئەم جوڵەیەی خوێندکاران لە کاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تۆمەتی "بێزارکردنی کچان" بەرامبەر مامۆستای ناوبراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی زۆری دروست کردووە، خوێندکاران بە ئاماژەدان بە ئایەتێکی قورئانی جەخت دەکەنەوە دەڵێن: " ئێمە ئیسلام فێری نەکردووین بێدەنگ و بێغیرەت بین، کە ڕێزمان لە یاسا و ڕێسا گرتووە پێویستە ماف و شکۆمان بپارێزن".