پایتەخت

لە یەک ڕۆژدا 4 کەس خنکان

 لە یەک ڕۆژدا 4 کەس خنکان
کورتە

ئاوەکانی هەرێمی کوردستان بوونەتە دێوەزمەی مەلەوانەکان و تەنها ئەمساڵ 32 کەس خنکاون.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی گەرما، مەرگی بێدەنگ لە ئاوەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە جیاکانی دیکە پەرەی سەندووە، تەنیا لە یەک ڕۆژدا 4 گەنج و مێرمنداڵ خنکاون و بەرگریی شارستانیش ڕایدەگەیەنێت کە ئاوەکانی ئەمساڵ مەترسیدارترن و بۆ مەلەکردن گونجاو نین.

ڕووداوەکانی خنکان لە هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار، لە تازەترین کارەساتدا، دوێنێ هەینی 4 هاونیشتمانی لە ناوچە جیاوازەکان گیانیان لەدەستدا، قوربانییەکان پێکهاتبوون لە: "بەڵێن کامیل" تەمەن 21 ساڵ لە ئاوی باسەڕە، گەنجێکی تەمەن 23 ساڵ لە چەمی شاخەسوور، هەروەها دوو مێرمنداڵ بە ناوەکانی "یوسف وەلید" 13 ساڵ و "یوسف عەدنان" 15 ساڵ لە سنووری خورماتوو. هاوکات، گەڕان بەدوای تەرمی "ئەحمەد لوقمان"ـی تەمەن 25 ساڵ لە ڕووباری سیروان، بۆ چوارەمین ڕۆژ بەردەوامە و هێشتا بێسەرووشوێنە.

سەبارەت بە هۆکاری زیادبوونی ئەم ڕووداوانە، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمساڵ بەهۆی زۆری و ساردیی ئاستی ئاوەکان، مەلەکردن مەترسییەکی گەورەیە، ئاماژەی بەوەش کرد کە دەستکاریی ڕێڕەوی ئاوەکان لەلایەن کارگەکانی چەو و لم و هەبوونی چاڵە قووڵەکان، ژینگەی ئاوەکانی کوردستانیان بۆ مەلەوانان کردووەتە تەڵەیەکی کوشندە.

داتاکانی بەرگریی شارستانی ئاماژە بەوە دەکەن کە لەمساڵدا 32 کەس لە سەرچاوە ئاوییەکاندا خنکاون، کە زۆربەیان لە تەمەنی نێوان 15 بۆ 25 ساڵیدان، ئەمە لە کاتێکدایە کە تیمەکانی ڕزگارکردن توانیویانە ژیانی 112 کەسی دیکە لە مردن ڕزگار بکەن. بەرگریی شارستانی هۆشداری دەدات کە هاونیشتمانیان لە شوێنە دوورەدەستەکان و ئەو ناوچانەی مەلەکردن تێیاندا قەدەغەیە، خۆیان لە ئاو نەکەن.

20 حوزەیران 2026 09:58
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026