وردەکاریی سیستەمی ئەسیکۆدا و ڕێككهوتنی ههولێر و بهغدا
هەولێر و بەغدا بەرەو یەکخستنی ئەلیکترۆنیی دەروازە سنوورییەکان هەنگاو دەنێن.
شاندی تەکنیکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ هاوتاکانیان کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکان.
ئهمڕۆ لە کۆبوونەوهیهكیدا، شاندی تهكنیكی ههولێر و بهغدا گەیشتنە لێکتێگەیشتن و یاداشتێکی هاوبەشیان پەسەند کرد، کە بڕیارە ڕەشنووسەکەی بۆ بڕیاری کۆتایی ئاراستەی ئەنجوومەنی باڵای ئابووری عێراق و شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بکرێت.
شاندەکەی هەرێمی کوردستان کە نوێنەرانی گومرگ، بازرگانی، باج، کشتوکاڵ و کوالێتی کۆنترۆڵی تێدابوو، توانییان هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ چارەسەرکردنی خاڵە ناکۆکەکان بنێن.
سیستەمی ئەسیکۆدا (ASYCUDA) سیستمێکی پێشکەوتووی ئەلیکترۆنییە کە مامەڵەی کاغەز لە گومرگەکاندا ناهێڵێت و هەموو پرۆسەکانی وەرگرتنی ڕەسمی گومرگی و پشکنینی بارەکان بە شێوەی دیجیتاڵی ئەنجام دەدات. ئەم سیستمە ڕێگری لە خۆدزینەوە لە باج و گەندەڵی دەکات و داهاتەکان بە ڕوونی دەردەخات.
بە جێبەجێکردنی ئەم سیستمە لە دەروازەکانی وەک ئیبراهیم خەلیل، باشماخ و پەروێزخان، حکومەتی ناوەندی دەتوانێت لە ڕێگەی سێرڤەرە ناوەندییەکانەوە چاودێری وردی جموجۆڵی بازرگانی و داهاتەکان بکات.
ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بۆ شەفافیەت و ڕێکخستنەوەی داهاتەکان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ بەغدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی.