پارێزگاری کەربەلا سەردانی هەڵەبجە دهكات
پارێزگاری کەربەلا سوپاسی هەڵوێستی مرۆڤدۆستانەی هەڵەبجە دەکات و سەردانی شارەکە دەکات
ئهمڕۆ نەسیف جاسم خەتتابی، پارێزگاری کەربەلا، لە پەیامێکی فەرمیدا سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی منداڵە کۆچکردووەکەی کەربەلا بە ناوی ڕوقییە کرد، کە لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا لە پارێزگای هەڵەبجە گیانی لەدەستدا.
له پهیامهكهدا پارێزگاری کەربەلا ستایشی هەڵوێستی مرۆڤایهتی و نیشتمانیی نوخشە ناسح، پارێزگاری هەڵەبجە و سەرجەم خەڵکی شارەکەی کرد کە لەو کاتە سەختەدا لەگەڵ خێزانی قوربانییەکە بوون.
ههروهها ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەم تهبایی و مرۆڤدۆستییەی خەڵکی هەڵەبجە نیشانەی ڕەسەنایەتی و برایەتییەکی قووڵە.
پارێزگاری کەربەلا دهڵێت: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانێکی فەرمی بۆ پارێزگای هەڵەبجە ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی بە ناوی خەڵکی کەربەلاوە سوپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش بە ئیدارە و خەڵکی شارەکە بکات.
ئهمه لهكاتێكدایه، ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا، تەرمی (ڕوقییە)ی تەمەن 11 ساڵ، ئەو کچە گەشتیارە عەرەبەی خەڵکی کەربەلا، لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجەوە بەرەو زێدی خۆی بەڕێکرا. ناوبراو 10 ڕۆژ لەمەوبەر لە سەرچاوەی ئاوی زەڵمدا خنکابوو و دوێنێ تەرمەکەی دۆزرایەوە.