ئەمریکا و ئێران گەیشتنە ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی
وردهكاریی ڕێككهوتنه مێژووییهكهی ئهم بهیانییه و ئهوهی له پشت پهرده دهگوزهرێت.
دوای چەندین هەفتە لە دانوستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران گەیشتنە ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی.
ئهمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، یاداشتی لێکتێگەیشتنێکیان واژۆ کرد کە لە 14 خاڵ پێکهاتووە.
بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی مەسعوود پزیشکیان کە تێیدا کۆپییەکی فارسیی ڕێککەوتنەکەی بەدەستەوەیە و واژۆی ترەمپی لەسەرە، کاردانەوەی زۆری لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتووەتەوە. ئەم وێنەیە لە کاتێکدایە کە لە پشتی پزیشکیانەوە وێنەی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران دەبینرێت کە لە 28ـی مانگی 2ـی ڕابردوو لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران کوژرا.
ئەم ڕێککەوتنە کە هاوکاتە لەگەڵ یادی 80 ساڵەی لەدایکبوونی دۆناڵد ترەمپ، ئامانجی ڕاگرتنی کردەوە دوژمنکارییەکانە لە هەموو بەرەکاندا. بەپێی بەندەکانی ڕێککەوتنەکە، هیچ لایەک هێرشی سەربازی ناکاتە سەر ئەوی دیکە و هەردوولا پابەند دەبن بە ڕێزگرتن لە سەروەری خاکی یەکتر.
هەروەها بڕیار دراوە لە ماوەی 30 ڕۆژدا گەمارۆی دەریایی سەر ئێران بەتەواوی هەڵبگیرێت. پاشان لە ماوەی 60 ڕۆژدا دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، بە تایبەت لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، دەست پێ دەکەن.
سەرەڕای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەی گرووپی 7 هۆشدارییەکی توندی دا و ڕایگەیاند، ئەم ڕێککەوتنە مەرجدارە. ترەمپ گوتی: ئەگەر ئێران بە تەواوی پابەند نەبێت، دەستبەجێ دەگەڕێینەوە بۆ بۆردوومانکردنی ناو جەرگەی بنکە و بارەگاکانیان.
ئهمه لهكاتێكدایه، هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە کۆتایی مانگی 2ـی ئەمساڵ دەستیپێکرد و بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، بەڵام لە سەرەتای مانگی 4ـەوە ئاگربەستێکی نافەرمی لە نێوان هەردوولادا جێگیر بووە.