تواندرا تەرمی خنکاوەکە بدۆزرێتەوە
دوای 23 کاتژمێر گەڕان؛ تەرمی پیاوێکی تەمەن 66 ساڵ لە زێی بچووک دۆزرایەوە
بەرگری شارستانی ڕاپەڕین دۆزینەوەی تەرمی پیاوێکی ڕاگەیاند، کە دوێنێ لە کاتی مەلەکردن و هەوڵی پەڕینەوە لە زێی بچووکدا خنکابوو.
کەمێک لەمەوبەر عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگری شارستانی ڕاپەڕین بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، پێش نیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەممە کاتژمێر 11:30 خولەک، ئاگادار کراونەتەوە لە خنکانی پیاوێک بە ناوی 'محەممەد حسێن'، تەمەن 66 ساڵ کە خەڵکی گوندی خانەڵەیی دەڤەری پشدەرە.
عەلی قادر ئاماژەی بەوە دا، پیاوەکە ویستوویەتی بە مەلەکردن لە زێی بچووک بپەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی خوڕی ئاوەکەوە ژێرئاو کەوتووە و خنکاوە.
گوتەبێژی بەرگری شارستانی ڕاپەڕین ئاشکرای دەکات، دوای گەڕانێکی زۆری تیمەکانیان بۆ ماوەی نزیکەی 23 کاتژمێر، سەرەنجام ئەمڕۆ هەینی کاتژمێر 10:30ی بەیانی توانیویانە تەرمی خنکاوەکە بدۆزنەوە.