پایتەخت

کوێت هەژمارە بانکییەکانی سەرمایەدارێکی ناسراوی وڵاتەکەی بلۆک دەکات 

کوێت هەژمارە بانکییەکانی سەرمایەدارێکی ناسراوی وڵاتەکەی بلۆک دەکات 
کورتە

ئێرانییەک چەندین ساڵە خۆی بە ناسنامەی کوێتییەکەوە دەناسێنێت.

حکومەتی کوێت بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی هەموو ماڵ و سامانی گەورە بازرگانێکی وڵاتەکەی دەرکرد و ڕەگەزنامەی کوێتیشی لێوەرگرتەوە، دوای ئەوەی لە لێکۆڵینەوەکاندا بۆیان دەرکەوت ئەو کەسە هاووڵاتییەکی ئێرانییە و چەندین ساڵە خۆی بە کەسێکی کوێتی ناساندووە و ناسنامەی کەسێکی دیکەی بەکارهێناوە.

ئەم بڕیارەی حکومەتی کوێت مەحموود حەیدەر و هەموو ئەندامانی خانەوادەکەی دەگرێتەوە، کە چەندین ساڵە وەک یەکێکە لە جەمسەرە ئابووری و میدیاییەکانی ئەو وڵاتە ناسراوە، لە بنەڕەتدا هاووڵاتییەکی ئێرانییە و ناوی ڕاستەقینەی (مەحموود حاجی بەدیعی)ـیە و لە ڕێگەی ساختەکارییەوە ناسنامەی هاووڵاتییەکی کۆچکردووی کوێتی بە ناوی (مەحموود حاجی حەیدەر عەبدوڵڵا)ـی بەکارهێناوە و توانیویەتی دزە بکاتە ناو کایە هەستیارەکانی دەوڵەت و سامانێکی خەیاڵی کۆبکاتەوە.

پێگەی ئەم بازرگانە لە چوارچێوەی دەوڵەمەندییەکی ئاساییدا نەماوەتەوە، پشتگیرییەکی دارایی گەورە و میدیاییشی هەبووە و لە جومگە گرنگەکانی ئابووری کوێتدا، خاوەن دەسەڵات بووە، بەشێوەیەک کۆنترۆڵی بەشێکی زۆر لە وێستگەکانی دابەشکردنی سووتەمەنی کوێتی کردووە و پشکی زۆری لە چەند بانکێکی گەورەی ئەو وڵاتە هەبووە. هاوکات خاوەنی سێ نەخۆشخانەی تایبەت و زنجیرەیەک نۆرینگەی پزیشکی بووە و کۆمپانیاکانی بەرپرس بوون لە دابینکردنی زیاتر لە نیوەی دەرمان و ئامێرە پزیشکییەکانی نەخۆشخانەکانی کوێت لە بەهای گرێبەستی ساڵانەیان زیاتر لە نیو ملیار دیناری کوێتی بووە و هەروەها خاوەنی ڕۆژنامە و کەناڵی ئاسمانی و تۆڕی میدیایی و چەندین پێگەی هەواڵی بووە.

ئاشکرابوونی ئەم دۆسیەیە، کاردانەوەی توندی لەسەرجەم ئاستەکاندا لە کوێت بەدوای خۆیدا ‌هێناوە. لەسەر ئاستی سیاسی و پەرلەمانی، کۆدەنگییەکی نیشتمانی دروستبووە لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی ئوممەی کوێتەوە بۆ پشتگیریکردن لە ڕێکارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و داواکاری گشتی، لەگەڵ داخوازی بۆ فراوانکردنی بازنەی لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی هەموو ئەو بەرپرسانەی پێشوو کە ئاسانکارییان بۆ کردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، بازاڕی دارایی و بۆرسەی کوێت تووشی شۆکێکی متمانە و شڵەژانی گەورە بووە، بە جۆرێک پشکەکانی سەرجەم ئەو کۆمپانیا و بانکانەی کە بەم بازرگانەوە بەستراونەتەوە ڕووبەڕووی دابەزینی پێوانەیی و فشاری فرۆشتنی بەکۆمەڵ بوونەتەوە لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە کە دەترسن سڕکردنی هەژمارە بانکییەکان بۆ کاتێکی نادیار چالاکییە بازرگانییەکانی ئەو دامەزراوانە بە تەواوی پەکبخات.

هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا، کاردانەوەکان کەرتی میدیایی و خزمەتگوزارییان گرتووەتەوە، بەهۆی ڕاگرتنی پشتیوانی دارایی، دامەزراوە میدیاییەکانی ئەو بازرگانە، چارەنووسی سەدان کارمەند و ڕۆژنامەنووسی خستووەتە مەترسییەوە، لە کاتێکدا ناوەندە ئەکادیمی و پیشەییەکان ئەم هەنگاوە بە ڕزگارکردنی هۆشیاریی کۆمەڵگەی کوێتی لە ژەهری ڕاگەیاندنی ئاڕاستەکراو لەقەڵەم دەدەن.

ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئەو هاووڵاتییە ئێرانییە کراوە، بریتییە لە ساختەکردنی بەڵگەنامەی فەرمی وەک پاسپۆرت و ناسنامەی نیشتمانی، لەگەڵ دزینی ناسنامەی کەسێکی تر، کە بەپێی یاسای سزادانی کوێت سزای زیندانیی قورسی چەندین ساڵە بۆ خۆی و هەر ئەندامێکی خێزانەکەی کە تێوەگلابێت بەدوای خۆیدا دەهێنێت و سەرجەم ماڵ و سامانەکەشی دەگوازرێتەوە بۆ سەر خەزێنەی دەوڵەت.

10 حوزەیران 2026 11:43
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026