بەم هۆکارە ئی- پسوولە ڕادەگیرێت
وەزارەتی کارەبا سیستمی پارەدانی بۆ چەند ڕۆژێک پەکخست.
وەزارەتی کارەبای خزمەتگوزاریی پارەدان لە سەکۆی ئی-پسوولە و بنکەکانی وزە لە نیوەڕۆی پێنجشەممەوە تاوەکو دووشەممەی داهاتوو بە شێوەیەکی کاتی ڕادەگرێت.
کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی کارەبا ئاگاداری هاوبەشانی کردەوە، بەهۆی پڕۆسەی پەرەپێدانی سیستمەکانی وەزارەت، خزمەتگوزاریی پارەدان لە سەکۆی ئی-پسوولە و بنکەکانی فرۆشیاریی وزە بۆ ماوەیەکی کاتی دەوەستێت.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە دا، ڕاگرتنەکە لە ڕۆژی پێنجشەممە 11ی حوزەیرانی 2026 کاتژمێر 2:00ی پاشنیوەڕۆ دەست پێدەکات و تاوەکو ڕۆژی دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026 بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی کارەبا دڵنیایی بە هاووڵاتییان دەدات، هەر پارەدانێک پێش کاتی ڕاگرتنەکە یان دوای کاراکردنەوەی سیستمەکە لە 15ی حوزەیران ئەنجام بدرێت، بە سەرکەوتووانە تۆمار دەکرێت.
لە کۆتایی دا وەزارەتی کارەبا ڕوونیکردەوە، ئامانجی سەرەکیی ئەم پەرەپێدانە کاتییە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و ئەزموونی بەکارهێنەرانە لە تەواوی هەرێمی کوردستان، بە ناوچە دوورەدەستەکانیشەوە.