تۆمەتباری کوشتنی گەنجەکەی شەوی ڕابردووی بانی مەقان دەستگیرکرا
تۆمەتباری ئەو گەنجەی لە هۆڵندە گەڕایەوە و لە چەمچەماڵ کوشتیان دەستگیرکرا
تۆمەتباری سەرەکی ڕووداوی کوشتنی گەنجەکەی بانی مەقانی لە چەمچەماڵ دەستگیرکرا، کە شەوی ڕابردوو بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بە چەقۆ ئەنجام درابوو.
کەمێک لەمەوبەر دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی توانیویانە تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوێکی کوشتن لە سنووری چەمچەماڵ دەستگیر بکەن.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە شەوی 8ی حوزەیرانی 2026، لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و لە ناوچەی بانی مەقان، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە ئاڵۆزی و شەڕ لە نێوان دوو گەنجدا دروست بوو، کە لە ئەنجامدا یەکێکیان بە چەقۆ کوژرا.
دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاماژەی بەوەش کردووە، دەستبەجێ هێزەکانیان بەدواداچوونی وردیان بۆ دۆسیەکە دەست پێکرد و توانییان لە کاتێکی کەمدا بکوژەکە دەستگیر بکەن.
دەزگای ئاسایشی هەرێم دووپاتی کردەوە، لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی و بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و بەدواداچوونی یاسایی تێیدا بەردەوامە.