پایتەخت

وەزارەتی دارایی هەرێم وەڵامێکی توندی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەداتەوە

وەزارەتی دارایی هەرێم وەڵامێکی توندی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەداتەوە
کورتە

كێشەی ڕاستەقینەی داهات و مووچە لە نێوان هەرێم و بەغدا چییە؟ لێرە بیخوێنەوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریارییەوە، ڕوونکردنەوەیەکی تێر و تەسەلی لە وەڵامی لێدوانەکانی عەدنان فەیحان دلێمی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوکردەوە، کە تێیدا داوای ڕاگرتنی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کردبوو. وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان بەردەوام ئامادەیی نیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی هەر تێبینی و یەکلاکردنەوەیەکی دارایی و تەواوی پابەندییە یاساییەکانی خۆی بەپێی یاسای کارگێڕی دارایی ساڵی 2019 و یاساکانی بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 جێبەجێ کردووە، بۆیە ئەو جۆرە داواکارییانە هیچ بنەمایەکی یاساییان نییە.


لە بەشێکی تری ڕوونکردنەوەکەدا، وەزارەتی دارایی بە داتا و وردەکارییەوە باس لە ساڵی 2025 دەکات و دەڵێت حکومەتی هەرێم بە تەواوی پابەند بووە بە ناردنی پشکی گەنجینەی فیدراڵی بەپێی ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ حکومەتی پێشووی عێراق کراون، بەڵام لە بەرانبەردا حکومەتی ناوەند هەڵسوکەوتێکی نادادپەروەرانەی کردووە، بە جۆرێک کە تەنها مووچەی دە مانگی فەرمانبەرانی هەرێمی ناردووە و بەبێ هیچ پاساوێک مووچەی مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی خەرج نەکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە لەو دوو مانگەدا سەرجەم فەرمانبەرانی تری دامەزراوەکانی عێراق مووچەکانیان بە تەواوی و لە کاتی خۆیدا وەرگرتووە.

سەبارەت بە شایستە داراییەکانی ساڵی 2026، وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی سیاقی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا، پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ ڕادەست کراوە، بەڵام لە مانگەکانی ئازار و نیساندا بەهۆی بارودۆخی جەنگ لە ناوچەکە و ئاستەنگ دروستکردن بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی (ئاسیکۆدا) لە دەروازە سنوورییەکان، داهاتە نانەوتییەکان کەمی کردووە و ئەمەش وەک ئامرازێک بۆ سەپاندنی گەمارۆی ئابووری بەسەر هەرێمدا بەکارهێنراوە، هەر بۆیە لەگەڵ حکومەتی پێشوو ڕێککەوتن کراوە کە بەهۆی ئەو دۆخەوە ڕێژەی 50%ی داهاتەکان ڕادەست بکرێت.

وەزارەتی دارایی هەرێم، جەختیشی کردووەتەوە کە گفتوگۆکانی تایبەت بە سیستەمی ئاسیکۆدا گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، بەڵام سستییەکە لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوەیە کە تا ئێستا بڕیاری پێویستی لەو بارەیەوە دەرنەکردووە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دارایی ڕەخنەی توندی لە هەڵوێستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان گرتووە و دەڵێت باشتر وابوو بەدوای چارەسەری یاسایی و دەستووریی بگەڕایە بۆ پرسی "خەرجی ڕاستەقینە" (الإنفاق الفعلي) کە بە شێوەیەکی ستەمکارانە تەنها بەرانبەر هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت و بووەتە هۆی بڕینی بەشێکی زۆری شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەران. وەزارەت جەخت دەکاتەوە کە داواکردنی بڕینی مووچەی چینێکی دیاریکراوی هاووڵاتیان لە لایەن کەسایەتییەکەوە کە لە لوتکەی دەسەڵاتی یاساداناندایە، جێگەی سەرسوڕمانە، چونکە ئەرکی ئەو پاراستنی مافی هەمووان و دابینکردنی یەکسانییە نەک نانەوەی جیاکاری.

09 حوزەیران 2026 11:35
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026