زەیدی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی سەردەمی سوودانی زیندوو دەکاتەوە
دۆسیەی سیخوڕیکردن و گوێگرتن لە پەیوەندی تەلەفۆنی سەرکردەکانی عێراق سەرهەڵدەداتەوە
دەستگیرکردنی لیوا ئەحمەد تەیار، بریکاری ئەمنی لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ڕەهەندێکی نوێ دەداتە دۆسیەی دۆسیەی سیخوڕیکردن و گوێگرتن لە پەیوەندی تەلەفۆنی سەرکردەکان. لە ناوەڕۆکی ئەم دۆسیەیەشدا، ململانێی قووڵی سیاسی لە نێوان نووری مالیکی و محەممەد شیاع سوودانییە، کاتێک لە ڕکابەری وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەردووکیان شکستیانهێنا، بەڵام لە ململانێکردن بەردەوامن.
پاشخانی ئەم دۆسیەیە دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی ساڵی 2024، کاتێک تۆڕێکی فراوانی سیخوڕی و دزەپێکردنی زانیاری لە نێو نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتە، محەممەد شیاع سوودانی ئاشکرا بوو. محەممەد جووحی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارگێڕی لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران، سەرۆکایەتی تۆڕێکی دەکرد کە لە ڕێگەی ئەفسەرانی ئەمنی دیجیتاڵییەوە، بەبێ مۆڵەتی دادوەر، داتای پەیوەندییەکانی بەرپرسانیان لە کۆمپانیاکانی پەیوەندی وەردەگرت.
کاری تۆڕەکەی جووحی، چاودێری لەسەر مۆبایلی سەرکردە سیاسییەکان بەتایبەتیش نووری مالیکی و نەیارەکانی حکومەت و دادوەران، لەسەرووی ئەوانیشە فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، پەرلەمانتاران و بازرگانان ئامانجی ئەم تۆڕەش کۆکردنەوەی زانیاری بوو بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە و ئاڕاستەکردنی سوپای ئەلیکترۆنی بۆ دروستکردنی فشاری سیاسی.
سەرەڕای ئەوەی دادگا لە کانوونی یەکەمی 2024، سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەر جووحیدا سەپاند، بەڵام کێشەکە لێرەدا کۆتایی نەهات و ئەم دۆسیەیە بە هەڵپەسێردراوی مایەوە و بووە هۆی داڕمانی پردی متمانە لە نێوان سەردکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی. ئەمەش لە هەڵبژدنی 11ـی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، هەروەها پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، زیاتر ڕەنگیدایەوە.
بەرەی مالیکی و نەیارەکانی دیکەی کابینەکەی پێشووی حکومەتی عێراق، پێیان وابوو سوودانی دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم تۆڕە ئەمنییەوە پێگەی لایەنەکانی دیکە لاواز بکات بۆ ئەوەی خولی دووەمی سەرۆکایەتی مسۆگەر بکات، هەر بەم هۆیەوە، مالیکی ڤیتۆی تەواوی هەبوو لەسەر دووبارە هەڵبژاردنەوەی سوودانی و لە بەرامبەر ئەوەشدا، سوودانی و هاوپەیمانەکانی لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی، هەوڵەکانیان چڕتر کردەوە بۆ ئەوەی مالیکی جارێکی دیکە نەگەڕێتەوە سەر کورسی سەرۆکایەتی وەزیران.
دوای پێدانی متمانە بە عەلی زەیدی، وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق و دوای نزیکەی مانگێک لە دەستبەکاربوونی لە ئەرکەکەی، ئاماژەکانی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی وەک گەڕانەوەی سەروەری یاسا و دوورخستنەوەی دەزگا ئەمنییەکان لە ململانێ حزبییەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بەدیارکەوتن. بۆیە دەستگیرکردنی لیوا ئەحمەد تەیار، بریکاری ئەمنیی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بە فەرمانی دادگا، بە یەکێک لە گەورەترین هەنگاوی حکومەتەکەی زەیدی دادەنرێت لەگەڵ دەستگیرکردنی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر دۆسیەی گەندەڵی.
بەگوێرەی بەدواداچوونی میدیا عێراقییەکان، لیوا ئەحمەد تەیار، بە تۆمەتی بەردەوامیدان بە دۆسیەی سیخوڕیکردن و گوێگرتن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی کەسایەتییە سیاسی و سەربازییەکان و بەکارهێنانی تۆمارە دەنگی و ڤیدیۆییە تایبەتەکان کە لە ناو ماڵەکانەوە بۆ مەبەستی فشاری سیاسی وەرگرتنی سەران، سەرەڕای تێوەگلانی لە دۆسیەی گەندەڵی گەورە لەنێو دامەزراوەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیدا.
پڕۆسەی دەستگیرکردنی لیوا تەیار بە فەرمانێکی دادوەری و بڕیارێکی بڕاوەی دەسەڵاتی دادوەری عێراق بە چاودێری دادوەر فایەق زێدان و لە لایەن هێزێکی ڕێپێدراوی تایبەتەوە جێبەجێ کرا. ئەمەش ڕێگەی گرت لەوەی هیچ لایەنێکی سیاسی بتوانێت دەستێوەردان بکات یان پڕۆسەی دەستگیرکردنەکە پەکبخات.
لیوا ئەحمەد تەیار تەنها ئەفسەرێکی ئاسایی نەبووە، بەڵکو وەک بریکاری ئەمنی لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کە پۆستەکەی بەشێکە لە لوتکەی دەسەڵاتی هەواڵگری و ئەمنی لە عێراقدا. تەیار ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی دۆسیە هەستیارەکانی چاودێری، پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ، ڕاوەدووڕانی تۆڕە تێکدەرەکان و کۆکردنەوەی زانیارییە هەواڵگرییەکانی کردووە، کە پێگەکەی دەسەڵاتێکی ڕەهای پێدابوو بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی چاودێری.
ئەم پێشهاتە تەنها دۆسیەیەکی گەندەڵی و ئەمنی ئاسایی نییە، بەڵکو ئەو ڕاستیەش دەردەخات، کە تۆڕی سیخوڕی تەنها لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی پێشوودا کورت نەبووەتەوە، بەڵکو ڕەگی هاوبەشی لە لوتکەی دەزگا هەواڵگری و ئەمنییە فەرمییەکانی وەک ئاسایشی نیشتمانی هەبووە و زانیارییە بنکۆڵکارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لیوا ئەحمەد تەیار هێڵی پێکهێنەر و قووڵی نێوان تۆڕەکەی محەممەد جووحی و دەزگا ئەمنییە فەرمییەکان بووە بۆ گەیشتن بە داتا نهێنییەکان و سیستەمی کۆمپانیاکانی پەیوەندی.
جووڵەکانی عەلی زەیدی لە ڕێگەی دادگاوە، دەرخەری ئەوەن کە کابینەکەی هەوڵدەدات بە شێوازێکی یاسایی پاشماوەکانی قۆناغی پێشوو و باڵە ئەمنییەکانی سەر بە لایەنە ڕکابەرەکان کەنارگیر بکات، دوای ئەوەی بەکارهێنانی ئامرازەکانی دەوڵەت بۆ سیخوڕی ناوخۆیی و فشاری سیاسی و ئابووری، متمانەی دامەزراوەیی لە عێراقدا گەیاندووەتە نزمترین ئاست. هاوکات بەشێک لە چاودێران، هەوڵەکانی ئێستای زەیدی بە کۆتایی بە سەردەمی ململانێی مالیکی و سوودانی لە نێو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دەهێنێت.