کێشەی کارەبا چارەسەر دەبێت
چارەسەربوونی کێشەی کارەبا لە ئان و ساتدایە
دوای 2 ڕۆژ لە کەمبوونەوەی کتوپڕی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر، هەوڵە بەپەلەکانی وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان گەیشتنە قۆناغی کۆتایی و لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
دوای دابەزینی کتوپڕی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، کە هاوکات بوو لەگەڵ بەرزبوونەوەی تووندی پلەکانی گەرما و زیادبوونی خواست لەسەر فێنککەرەوەکان، ئاماژەکان بەرەو چارەسەرێکی خێرا دەچن، کێشەکە لە 2 ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی گرفتێکی تەکنیکی و دابەزینی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر سەریهەڵدا و ئێستا لە ئان و ساتی کۆتاییهاتندایە.
هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان لە ڕێگەی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و بە هەماهەنگییەکی چڕ لەسەر هێڵن بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە نەخوازراوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان دڵنیایی دەدەن کە تەنها چەند کاتژمێرێکی کەم ماوە بۆ ئەوەی بڕی غازی پێویست بگاتەوە وێستگەکانی بەرهەمهێنان و سیستەمەکە هاوسەنگ ببێتەوە.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی کارەباوە پشتڕاستی کردەوە کە سەرەڕای کێشەکە، بەرهەمهێنانی کارەبا هەر 3,700 مێگاواتە، بەڵام بە گەڕانەوەی تەواوەتی هەناردەی غازی کۆرمۆر لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا، کوژانەوە کاتییەکان بە تەواوی کۆتاییان دێت و پێدانی کارەبا جێگیر دەبێتەوە.