چەندین پەیامی گرینگ لە مەسرور بارزانییەوە
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەسەر پرسی مووچە، پێکهێنانی حکومەت، کێشەکانیان لەگەڵ بەغدا و چەندین بابەتی دیکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا.
ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەغدا بەڵێنی داوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە کێشە سیاسییەکان جیا بکاتەوە، تەنانەت بەڵێنیان داوە لەسەر پرسی گرفتە کارگێڕییەکانیش ئەو بابەتە نەبێتە ڕێگر لەوەی مووچەی خەڵکی کوردستان بنێردرێت.
لە کۆنگرەکەدا مهسرور بارزانی لهبارهی كۆبوونهوهی پارتی و یهكێتی گوتی: "هیچ شتێكم نهبیستووه". لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان گوتیشی: "لەگەڵ ئەوەدام دەرگای پەرلەمانی کوردستان بکرێتەوە، پەرلەمان موڵکی هیچ حزبێکی سیاسی نییە، بەڵکو هی دەنگی دەنگدەرانی کوردستانە، دەبێت نوێنەران لەگەڵ دەنگدەرانیان ڕاستگۆ بن و بێن پەرلەمان کارابکەنەوە، ئەوەش دەبێتە هەنگاوێکی باش بۆ قۆناغەکانی داهاتوو".
سەرۆکوەزیران سەبارەت بە داواکەی سەرۆک بارزانی گوتی: "سەرۆک بارزانی وەکو مەرجەعی باڵای کوردستان لە جێگەی خۆیەتی، وەکو حکومەت و وەکو پارتی هەنگاومان ناوە بەپێی قسەکانیان بڕۆین، پێمان باشە ئەو چەقبەستووییە سیاسییەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە کۆتایی بێت".
سەرۆکوەزیران ئەنجامی سەردانەکەی شاندی هەرێمی بۆ بەغدا خستەڕوو و جەختی کردەوە کە سەردانەکەیان بۆ پشتگیریکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی بووە و گوتی: "لەسەر هەرێمی کوردستانە یارمەتی سەرۆکوەزیرانی عێراق بدەین و دەمانەوێت ڕۆڵمان هەبێت لە هاوکاریی کردنی عێراق".
مەسرور بارزانی وەڵامی ئەو لایەنانەی دایەوە کە دەیانەوێت وێنەیەکی ناتەندروست و ڕەشبینانە نیشانی ڕای گشتی بدەن و گوتی: "لێدوان و قسەی نابەرپرسانەی هەندێک کەس و لایەن کۆتایی پێ بێت و لایەنەکان ئاقڵانەتر هەنگاو بنێن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک، تاوەکو ئێستاش نەمبیستووە هیچ وادەیەک دیاری کرابێت بۆ کۆبوونەوەکان".
لەسەر پرسی وزە، سەرۆکوەزیران مۆدێلی سەرکەوتووی هەرێمی کوردستانی لە دابینکردنی کارەبادا هێنایەوە یاد و ئامادەیی تەواوی نیشاندا و گوتی: "ئامادەیی ئەوەمان هەیە 2,000 مێگاوات کارەبا بدەینە عێراق". سەرۆکوەزیران سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتیش، ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمپانیا بیانییە نەوتییەکان داوای گەرەنتی دەکەن، بەڵام هەڵوێستی هەرێم ڕوونە و لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی کارەکانیاندایە.