لیڤەرپوول باشترین یاریزانی وەرزەکەی دەستنیشان کرد
زیاتر لە دوو لەسەر سێی دەنگەکان بۆ یەک کەس بوو، پاڵەوانە نوێیەکەی لیڤەرپوول بناسە.
یانەی لیڤەرپوول بە فەرمی دۆمۆنیک سۆبۆسلای وەک باشترین یاریزانی وەرزی 2025-2026 تیمی پیاوانی لیڤەرپوول دەستنیشان کرد، دوای ئەوەی ئەم یاریزانەهەنگارییە متمانەی ڕەهای هاندەرانی بەدەستهێنا.
دۆمۆنیک سۆبۆسلای تەمەن 25 ساڵان، بۆ یەکەمجار لە کاروانی وەرزشیدا ئەم نازناوە تاکەکەسییە دەباتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ڕاپرسی ماڵپەڕی فەرمی یانەکەدا زیاتر لە دوو لەسەر سێی دەنگی هاندەرانی بۆ خۆی مسۆگەر کرد، ئەو ئەستێرەیەی بووەتە جێی متمانەی هێڵی ناوەڕاستی یانەکە، لە کۆی 57 یاری فەرمی لیڤەرپوول لەم وەرزەدا، لە 53 یارییاندا وەک یاریزانی سەرەکی لەپێشەوەی پلانەکان بووە، تەنانەت لە کاتی تەنگژەی هێڵی بەرگریشدا، وەک بەرگریکاری ڕاست ئەرکەکانی بە سەرکەوتوویی ڕاپەڕاندووە.
ئەم وەرزە بۆ ئەستێرە هەنگارییەکە تەنها سەقامگیری نەبوو، بەڵکو لوتکەی درەوشانەوەی ژمارەییش بوو، کاتێک وەرزەکەی بە تۆمارکردنی 13 گۆڵ و دروستکردنی 12 ئەسیست کۆتایی پێهێنا و بووە باشترین ئەسیستکاری یانەکە. درەوشانەوەی بەردەوامی سۆبۆسلای لەم وەرزەدا لە ڕێگەی ڕفاندنی 5 خەڵاتی باشترین یاریزانی مانگ و 8 خەڵاتی باشترین یاریزانی یارییەکان ڕەنگی دایەوە.
لەو 8 گۆڵەی کاندیدکرابوون بۆ خەڵاتی جوانترین گۆڵی وەرز، 4 گۆڵیان لەڕێگەی لێدانی سزای ڕاستەوخۆوە بوون، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی نوێیە لە مێژووی لیڤەرپوولدا کە یاریزانێک لە یەک وەرزدا ئەو ژمارە گۆڵە بە لێدانی ڕاستەوخۆ تۆمار بکات.
جگە لەم نازناوە، وەرزی سێیەمی ئەم یاریزانە لە ئانفیڵد لە مانگی نیسانی ڕابردوودا مێژووییەکی تری تۆمار کرد، کاتێک بووە دووەم یاریزانی هەنگاری لە مێژووی خولەکەدا کە بگاتە حاجیزی 100 یاری لە پرێمەرلیگدا، بەم نمایشە ناوازەیەش، هاندەرانی لیڤەرپوول گەورەترین پاداشتی ماندووبوونیان پێشکەش کرد و وەک پیاوی یەکەمی وەرزەکەیان هەڵیانبژارد.