پایتەخت

گوتەبێژەکەی وەزارەتی نەوت دوورخراوە

گوتەبێژەکەی وەزارەتی نەوت دوورخراوە
کورتە

لە پێشهاتێکی سەیردا، گوتەبێژەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر لێدوانێک لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق هۆکاری قەرەباڵغیی بەنزینخانەکانی بۆ زیاد بەکارهێنانی ساردکەرەوەی ئۆتۆمبێل گەڕاندەوە، ئەو لێدوانەشی بووە هۆی دوورخستنەوەی دەستبەجێی گوتەبێژەکە لە وەزارەتی نەوتی عێراق.

 
دوا بەدوای شەپۆلێکی بەرفراوانی ڕەخنە و گاڵتەجاڕی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمی بڕیاری دا بە دوورخستنەوەی گوتەبێژی فەرمیی خۆی، ئەم هەنگاوە تەنها 2 ڕۆژ دوای لێدوانە مشتومڕاوییەکەی ئەو بەرپرسە هات لە 2ـی ئەم مانگەدا، کاتێک قەیرانی درێژی سەرەی بەنزینخانەکانی تەنها بۆ "داگیرساندنی ساردکەرەوەی (AC) ئۆتۆمبێلەکان بەهۆی گەرماوە" و هاچووچۆی ڕۆژانی جەژن گەڕاندەوە.

 
وەزارەتەکە چاوەڕێی نەکرد و بە بڕیارێکی دەستبەجێ سەلیم فەرهوود حوسێن، بەڕێوەبەری بەشی توێژینەوەی ئابووری لە وەزارەتەکە وەک گوتەبێژی نوێ دەستنیشان کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە لەژێر گوشاری کورتهێنانی ڕۆژانەی 5  ملیۆن لیتر بەنزیندایە.

 
کێشەی سەرەکی ساردکەرەوەی ئۆتۆمبێلەکان نییە، بەڵکو هاوکێشەیەکی سادەی ئابوورییە، خواست لەسەر بەنزین لە عێراقدا گەیشتووەتە 35,000,000  لیتر لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا توانای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی تەنها 30,000,000  لیترە، ئەم کورتهێنانە گەورەیە وایکردووە هاووڵاتییان چەندین کاتژمێر لە ناو گەرمای هێندە بەتینی هاویندا چاوەڕێی لیترێک سووتەمەنی بکەن.

04 حوزەیران 2026 15:21
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026