ڕێگە بە بەکارهێنانی شێخ، مەلا و سەید نادرێت
چیتر ڕێگە بە بەکارهێنانی ئەم پێش ناوانە نادرێت
بەکارهێنانی شێخ، مەلا و سەید بۆ تابلۆ بازرگانییەکان قەدەغەیە، وەزارەتی بازرگانی سەرپێچییکاران بە پێژماردنی دارایی سزا دەدات.
ئەمڕۆ چوارشەممە بڵند محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند، بەپێی پەیڕەوی ژمارە 15ـی ساڵی 2022، تۆمارکردنی هەر ناوێکی ئایینی بۆ شوێن و تابلۆ بازرگانییەکان بەبێ جیاوازی قەدەغەیە.
بڵند محەممەد ئاماژەی بەوە دا، ئەم بڕیارە گشت شوێنە بازرگانییەکان دەگرێتەوە و ڕێگە بە بەکارهێنانی پێش ناوەکانی وەک سەید، شێخ و مەلا نادرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان باسی لەوە کرد، هەر کەسێک بەبێ تۆمارکردنی فەرمی ئەم ناوە ئایینییانە بەکاربهێنێت، سزای دارایی دەدرێت کە لە 100 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تا 1000،000 دینار.
لەبارەی ئەو شوێنانەی کە پێش دەرچوونی ئەم ڕێنماییە ناوی ئایینییان بەکارهێناوە، بڵند محەممەد ڕوونیکردەوە، هیچ ڕێکارێکی یاساییان بەرامبەر ناکرێت، چونکە تۆمارکردنەکەیان پێش دەرچوونی بڕیارەکە بووە.