ئەوەی لە ئەسفەهان و نەتەنز دەگوزەرێت کەس نایبینێت
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە رێگەی ڕاپۆرتێکەوە زانیاری هەستیاری بڵاو کردەوە
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە نوێترین راپۆرتی نهێنییدا هۆشداری دەدات کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە دوای دەستپێکردنی ململانێ سەربازییەکانەوە بەرەو قۆناغێکی مەترسیدارتر رۆیشتووە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگ کە لە 119 لاپەڕە پێکهاتووە، پرۆسەی پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بە ڕێژەی 50% کەمی کردووە و تاران بڕێکی زۆر یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستی بەرزی کۆکردووەتەوە کە نزیکە لە ئاستی سەربازی بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی.
بەرپرسانی ڕۆژئاوا دەڵێن: "پێش هێرشە ئاسمانییەکانی حوزەیرانی 2025، چاودێریی وردی هەفتانە لەسەر دامەزراوەکانی وەک نەتەنز هەبوو، بەڵام ئێستا پشکنەران زیاتر لە ساڵێکە نەچوونەتە ناوەندەکانی فۆردۆ، ئەسفەهان و نەتەنز، کە دوایین جار نزیکەی 440.9 کیلۆگرام یۆرانیۆمی ئاستی بەرزیان تێدا بووە".
رافایل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە، نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە کە واشنتن لەم خولەی دانوستاندنەکاندا ئاژانسەکەیانی پشتگوێ خستووە و رایگەیاندووە هەر رێککەوتنێک بەبێ ئەوان بکرێت، رێککەوتنێکی خراپ دەبێت.
ئەم ململانێیە کە لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە دەستیپێکردووە، لە نێوان فشاری دۆناڵد ترەمپ بۆ رادەستکردنی یۆرانیۆمەکە و پێداگریی بنیامین نەتەنیاهوو لەسەر بژارەی سەربازی بەردەوامە، بڕیارە لە 8ـی حوزەیرانی 2026 ئاژانسەکە لە ڤیێنا کۆببێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەم دۆسیەیە.