ترەمپ دەیەوێت بەبیانووی جەنگ هەڵبژاردنی 2028 هەڵبووەشێنێتەوە
نیگەرانی لە چالاکییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی جەنگ هەیە و دەگوترێت دەیەوێت هاوشێوەی ئۆکراینا بکات.
سەرۆکی ئەمریکا گاڵتەی هەڵووەشاندنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتووی وڵات دەکات و کۆنگرێسمانێکی پێشوو هۆشداری تووند دەدات.
مارجۆری تایلۆر گرین، کۆنگرێسمانێکی پێشووی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی دا لەگەڵ ئالێکس جۆنس، ڕۆژنامەنووسی ناوداری ڕاستڕەوی ئەمریکا ئاماژەی بە چاوپێکەوتنەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دا، کە چۆن لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیاوە هیچ هەڵبژاردنێک لە ئۆکراینا بەڕێوەنەچووە، ترەمپ لە چاوپێکەوتنەکەدا بە زێلێنسکی گووت: "بووەستە، واتە هەڵبژاردن ناکرێت ئەگەر بێتو وڵات لە جەنگدا بێت؟"
مارجۆری تایلۆر گرین جەختی کردەوە، کە دڵنیا نییە لەوەی ترەمپ بە گاڵتە ئەو قسەی کرد یان نا، بەڵام نیگەرانە لەوەی لەوانەیە ترەمپ هەڵبژاردنی ساڵی 2028 بەبیانووی جەنگ هەڵبووەشێنێتەوە، هۆشداریش دەدات کە ترەمپ بەم قسانەی هەوڵ دەدات لەبەرچاوی خەڵک و ڕای گشتی ئەم بابەتە ئاسایی بکات، "پێموایە زۆر مەترسیداوە و پێویستە هیچ کەسێک قبووڵی نەکات."
ئەم کۆنگرێسمانەی پێشووی ئەمریکا لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بە یاسا و دەستووری ئەمریکا کرد و گووتی: "خولی سێیەمی سەرۆکایەتی نابێت هەبێت، نەخێر، ئەمە دژی یاسا و دەستووری ئێمە (ئەمریکا)ـیە، خولی سێیەمی سەرۆکایەتی بوونی نییە، ئەگەر وڵاتیش لە جەنگدا بێت، نابێت هەڵبژاردن هەڵبووەشێتەوە."
گرین لە مانگی یەکی ئەمساڵ دوای ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ ترەمپ تێکچوو، لە کۆنگرێس کشایەوە. بەگوێرەی هەمواری یاسای ژمارە 22ـی دەستووری ئەمریکا، هیچ کەسێک ناتوانێت بۆ سێ جار ببێت بە سەرۆکی وڵات، بەڵام سەرەڕای ئەمە، ترەمپ بەردەوام باسی مانەوەی لە پۆستی سەرۆکایەتی بۆ سێیەم جار دەکات، هاوکات ئاماژەی بەو کەسانەش داوە کە ئەگەری شوێنگرتنەوەی ئەویان هەیە، وەک جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵات.
ئەمە یەکەمجار نییە گرین هۆشداری لە چلاکییەکانی ترەمپ دەدات، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس هەڕەشەی کرد و نووسی: "ئەمریکا باجێکی قورسی سیاسی دەدات ئەگەر لە جەنگێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشدار بێت، ئەگەر ئەمریکا هێزی سەربازی بنێرێتە ئێران، شۆرشێکی سەرتاسەری لە ئەمریکا بەرپا دەبێت، ئێمە بێزار بووین، گووتمان چیتر بەشداری جەنگ لەگەڵ وڵاتانی بیانی ناکەین و مەبەستیشمان بوو، یەکگرتنەکە (کۆبوونەوەی خەڵک بۆ شۆڕش) ناوەستێندرێت و من گرینگی پێ دەدەم، ئەم جەنگە ڕابگرە، ئەو (ترەمپ) گەمژەیە!"