چاوەڕوان دەکرێت پێش جەژن مووچە دابەش بکرێت
سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشكرای کرد، ئەگەری هەیە خەرجکردن و دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج پێش جەژن بکرێت.
تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕۆژانی پشوودا سەرقاڵی کارەکانی تایبەت بە وردبینیکردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بووە، ئەم هەنگاوە بە ئامانجی خێراکردنی پڕۆسەکە و ناردنی شایستە داراییەکان پێش هاتنی جەژنی قوربان دێت.
بەپێی زانیارییەکان، تیمەکەی بەغدا لە ڕۆژانی هەینی و شەممەدا دەوامیان کردووە بۆ پێداچوونەوەی لیستی مووچەی مانگی 5 و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی 4ی مووچەخۆرانی هەرێم. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، تیمی دارایی هەرێم بە فەرمی لیستەکانی ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کرد.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ڕۆژی یەکشەممە پڕۆسەی وردبینی کۆتایی بێت و ڕاپۆرتەکە بدرێتە وەزیری دارایی عێراق بۆ واژۆکردنی خەرجکردنی پارەکە، لای خۆشیانەوە، وەزارەتی دارایی هەرێم تەواوی ئامادەکارییەکانی کردووە تاوەکو لەگەڵ گەیشتنی پارەکە، دەستبەجێ دەست بە دابەشکردنی مووچە بکات.