هەردوولا هاوڕابوون لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا
کێشەکان چارەسەر دەکرێن
ئەمڕۆ شەممە سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی لە بەغدا لەگەڵ هەیبەت ئەلحەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و ڕۆڵی پەرلەمان لە چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان تاوتوێ کران.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمی کۆبوونەوەکە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی ڕۆڵی پەرلەمان وەک دامەزراوەیەکی سەرەکی یاسادانان کردووەتەوە بۆ خزمەتکردنی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق، لایەنەکان هاوڕابوون کە کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدڕال پێویستە لەسەر بنەمای دەستوور و بە شێوازێکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێن.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە پڕۆژە یاسا نیشتمانییەکان؛ تێیدا ئاماژە بە پێویستیی ئامادەکردن و پەسەندکردنی ئەو یاسایانە کرا کە مافی پێکهاتەکان دەپارێزن، بە مەرجێک ڕێز لە سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بگرن.