نیویۆرک تایمز: هەوڵی تیرۆرکردنی کچەکەی ترەمپ دراوە
وەک "تۆڵەسەندنەوە"ـی تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی، محەممەد باقر سەعد، فەرماندەی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق پلانی تیرۆرکردنی 'ئیڤانکا'ـی کچی ترەمپی داوە.
دوای دەستگیرکردنی لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI)، هەوڵە تیرۆرستییەکانی محەممەد باقر سەعد، فەرماندەی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق ئاشكرا کرا؛ ئەندامانی خێزانی ترەمپ یەکێک بوون لە ئامانجەکان.
نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکیدا ئاشكرای کردووە، محەممەد باقر سەعد، فەرماندەی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق "بەڵێنی" تیرۆرکردنی ئیڤانکا ترەمپ، کچی سەرۆکی ئەمریکای داوە، تەنانەت نەخشەی خانووەکەشی لە ویلایەتی فلۆریدا لەلا بووە و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەم فەرماندەیەی عێراق، شەش ساڵ لەمەوبەر وەک وەڵامێکی "تۆڵەسەندنەوە" لە دژی تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە، هەوڵی بەئامانجگرتنی ئەندامانی خێزانی ترەمپی داوە.
بەگوتەی جێگرێکی سەربازی پێشووی لێپرسراوەی لقێکی کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن، دوای تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی، محەممەد باقر سەعد ڕایگەیاندووە: "دەبێت ئاگر لە ماڵەکەی ترەمپ بەربدەین هەر وەک چۆن ئاگری لە ماڵی ئێمە بەردا."
محەممەد باقر سەعد لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وێنەی نەخشەیەکی خانووە 24 ملیۆن دۆلارییەکەی ئیڤانکا ترەمپ و جارید کوشنەری هاوسەری بڵاوکردبوویەوە و بە زمانی عەرەبی لەسەر پۆستەکە نووسیبووی: "بە ئەمریکییەکان دەڵێم سەیری ئەم وێنەیە بکەن و بزانن کە نە کۆشکەکانتان نە پاسەوانە تایبەتەکانتان ناتوانن بتانپارێزن، ئێمە ئێستا لە قۆناغی چاودێری و لێکۆڵینەوەداین، پێمگووتی، تۆڵەسەندنەوەی ئێمە بە کاتەوە پەیوەستە."
هەفتەی ڕابردوو، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) رایگەیاند، محەممەد عەلی سەعدی 32 ساڵان، فەرماندەی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقیان لە تورکیا دەستگیرکرد، کە خۆی و کەسە نزیکەکانی بەرپرسیارن لە 20 پلان و هێرشی تیرۆرستی لە ئەوروپا و کەنەدا. پێشبینیش دەکرا ئامانجی داهاتوویان ئەمریکا بوایە و بەتایبەتی کەنیسە و دامەزراوەکانی جووەکان لە ویلایەتەکانی نیویۆرک، کالیفۆرنیا و ئاریزۆنا.