دەقی ڕەشنووسە نهێنییەکەی نێوان تاران و واشنتن ئاشکرا بوو
ڕەشنووسی ڕێککەوتنی نێوان تاران و واشنتن ئاشکرا دەبێت؛ 9 خاڵ بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە
هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی هەوڵە نێوەندگیرەکانی پاکستان، سەرچاوە ئاگادارەکان دەقی ڕەشنووسی ڕێککەوتنێکی چاوەڕوانکراوی نێوان ئێران و ئەمریکایان ئاشکرا کرد کە لە 9 خاڵ پێکدێت.
ئهمڕۆ كهناڵی 'الحدث' ناوهڕۆكی ڕەشنووسە نهێنییەکەی ئهمریكا و ئێرانی له ڕاپۆرتێكدا بڵاوكردهوه و تیایدا هاتووه، خاڵەکانی ڕەشنووسەکە بریتین لە ڕاگرتنی دەستبەجێ و بێمەرجی شەڕ لە هەموو بەرەکاندا، نەکردنه ئامانجی بنکە سەربازییەکان، دامەزراوە مەدەنییەکان و سێکتەری ئابووری، لەگەڵ ڕاگرتنی شەڕی میدیایی نێوانیان.
بهپێی ڕاپۆرتهكهی 'الحدث'، ئهو دوو وڵاته جەخت لەسەر ڕێزگرتن لە سیادە و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی دهكهنهوه، هاوکات دهیانهوێـ ئازادیی هاتوچۆی کەشتیوانی لە کەنداوی عەرەبی، گەرووی هورمز و دەریای عومان ئاسایی بكهنهوه.
له ڕەشنووسە نهێنییەکە هاتووه، میکانیزمێکی هاوبەش بۆ چاودێریکردن دروست دەکرێت و لە ماوەی 7 ڕۆژدا گفتوگۆکان لەسەر دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان دەست پێدەکەن، لایەنی ئەمریکیش بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ سزاکانی سەر ئێران لادەبات.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە تاران پێشنیازێکی نوێی دابووە ئەمریکا، بەڵام دۆناڵد ترامپ پێشتر مەرجەکانی وەک کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی شەڕی ڕەتکردبووەوە.
لە ئێستادا محسن نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان، لە تارانە و بۆ جاری دووهم لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەتەوە بۆ تاوتێکردنی وەڵامی ئەمریکا.