کۆتایی بە شێوازی کۆنی خوێندن دێت
پلانی 4 ساڵەی وەزارەتی پەروەردە گەیشتە قۆناغی کۆتایی؛ چی دەگۆڕدرێت؟
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانێکی گشتگیر بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی لە پڕۆگرامەکانی خوێندندا جێبەجێ دەکات، کە بڕیارە تاوەکو ساڵی 2028 سەرجەم وانەکان لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی سەردەم نوێ بکرێنەوە.
ئهمڕۆ بەڕێوەبەرایهتی گشتیی پڕۆگرامەکانی وەزارەتی پەروەردە باسی لهوه كرد، بۆ یەکخستنی ڕێنووس و خاڵبەندی زمانی کوردی، هەماهەنگی لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی کراوە. هەروەها بۆ یەکەمجار لە مێژووی هەرێم و عێراقدا، وانەی هونەر بە شێوازێکی زانستی و مێژوویی بۆ پۆلەکانی 1 بۆ 9 زیاد دەکرێت.
هاوکات پاکێجێکی نوێ بۆ باخچەی ساوایان بە زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی ئامادە کراوە، و پڕۆگرامی زمانی ئینگلیزیش تاوەکو ساڵی خوێندنی 2027-2028 لە سەرجەم قۆناغەکاندا بەتەواوی نوێ دەکرێتەوە. وەزارەت لە هەوڵی ئەوەشدایە بەشە وانەکانی وەرزش و هونەر زیاد بکات بۆ ئەوەی قوتابیان ڕۆژانە یەکێک لەو دوو وانەیە بخوێنن، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانای جەستەیی و دەروونییان.
ئەم پڕۆسەیە کە ماوەی 4 ساڵە دەستی پێکردووە، بۆ ساڵی نوێی خوێندن قۆناغێکی نوێ دەبڕێت و گۆڕانکاری لە وانەکانی زانستی پۆلەکانی 1 بۆ 9، بیرکاری پۆلەکانی 1 بۆ 6، بیرکاری و کیمیای پۆلەکانی 10 و 11، و زمانی کوردی قۆناغی بنەڕەتی دەگرێتەوە. گۆڕانکارییەکان سەرجەم قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان دەگرێتەوە کە پەیڕەوی پڕۆگرامی وەزارەت دەکەن.