ترەمپ: جەنگ بەڕێوەیە!
بەهۆی ڕێکنەکەوتنی ئێران و ئەمریکا و لە ئەگەری دروستبوونەوەی جەنگ، ترەمپ پشووی هێزە سەربازییەکان هەڵوەشاندەوە.
میدیاکانی ئەمریکا ئاشکرای دەکەن کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ تاوتوێی بژاردەی سەربازی نوێ دەکات دژی ئێران، ئەمەش دوای ئەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات گەیشتوونەتە بنبەست.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی "CBS" و "Axios"، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دانوستانەکان بێ هیوا بووە و بەرەو بژاردەی سەربازی هەنگاو دەنێت، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە. بەهۆی هەستیاری دۆخەکەوە، پشووی هێزە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئەمریکا هەڵوەشێنراوەتەوە، هەروەها ترەمپ گەشتەکەی بۆ ویلایەتی نیوجێرسی ڕاگرتووە و بەهۆی مانەوەی لە کۆشکی سپی نەیتوانیوە بەشداری لە ئاهەنگی هاوسەرگیری کوڕەکەشیدا بکات.
لای خۆیەوە کۆشکی سپی بە فەرمی ڕاپۆرتەکانی پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام گوتەبێژێکیان ڕایگەیاندووە، کە ترەمپ پێشتریش هۆشداری تووندی دابووە تاران لە ئەنجامەکانی نەگەیشتن بە ڕێککەوتن.