پایتەخت

ئەو کافتریایەی جلی کوردی قەدەغە کردبوو داخرا

ئەو کافتریایەی جلی کوردی قەدەغە کردبوو داخرا
کورتە

لەبەرکردنی جلی کوردی دەبێتە خۆی داخرانی کافتریایەک لە هەولێر.

دوێنێ شەو ڕۆژنامەنووسێک لە کافتریایێکی شاری هەولێر لەلایەن کارگوزاری عەرەبەوە ڕێگری لێکراوە بە جلی کوردی دابنیشێت، دوای بڵاوبوونەوەی ئەم بابەتە کافتریاکە ڕاستەوخۆ داخرا.

ئەمڕۆ شەممە، ڕۆژنامەنووس هەرێم شێرە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەرمی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە و گوتی: " شەوی ڕابردوو کاتێک سەردانی کافتریای مۆنتانام کردووە لە شەقامی مەجدەل لە هەولێر، کارمەندانی شوێنەکە پێیان گوتم کە مێزی چۆڵ نییە و ناتوانم دابنیشم، لە کاتێکدا زۆربەی مێزەکانی کافتریاکە چۆڵ بوون"، هەروەها گوتیشی: "لەبەر ئەوە ڕێگریم لێکراوە لەو شوێنە دابنیشم، بەهۆی ئەوەی جلی کوردیم لەبەردا بووە، دواتر کاتێک دوو هاوڕێی بە جلی ئاساییەوە چوونەتە ژوورەوە، بە ئاسانی مێزیان پێدراوە و دانیشتوون".

بەپێی گوتەی ئەو ڕۆژنامەنووسە، دوای ئەوەی ڕووبەڕووی کارمەندانی کافتریایەکە بووەتەوە کە زۆربەیان عەرەب بوون، ڕوونکردنەوەیەکی باوەڕپێکراو یان داوای لێبوردنیان پێشکەش نەکردووە و تەنها ئاماژەیان بەوە کردووە کە لێکتێگەیشتنێک ڕوویداوە، ئەم جیاکارییە گومانی گەورەی لای هاوڵاتییان دروست کردووە کە بۆچی لە پایتەختی هەرێمی کوردستان ڕێگری لە پۆشینی جلی کوردی دەکرێت.

ئەم ڕووداوەش کاردانەوەیەکی تووندی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکردووە، ڕاستەوخۆ بە بڕیاری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کافتریای مۆنتانا داخرا و هەتا ئێستاش لێکۆڵینەوە لەم ڕووداوە بەردەوامە.

بەر لە داخرانی شوێنەکە، تیمی پایتەخت میدیا پەیوەندیی تەلەفۆنیان بە خاوەنی کافتریای مۆنتانا کردووە بۆ زانینی ڕاستی و دروستی ئەم ڕووداوە، خاوەنەکەی گووتی: ئاگاداری ئەو ڕووداوە نیمە و هیچ شتێژی لەم شێوازە ڕووینەداوە”، هاوکات خاوەنی شوێنەکە بە فەرمی ڕایگەیاند کە ئامادە نییە لەسەر ئەم ڕووداوە هیچ لێدوانێک بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن بدات، ئەم بێدەنگییە گومانی زیاتری لەلای هاوڵاتییان دروست کردووە کە دەیانەوێت ڕاستی بابەتەکە بزانن.

23 ئایار 2026 14:53
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026