سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەرەو بەغدا بەرێکەوت
قۆناغێکی نوێ دەستپێدەکات؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدای ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ شەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای حکومەت بەرەو بەغدا بەڕێکەوت، بە مەبەستی ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی فیدراڵ و سەرکردە سیاسییەکانی عێراق.
بڕیارە سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەم سەردانەدا لەگەڵ هەر یەک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کۆببێتەوە، هەروەها دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردە و بەرپرسانی باڵای لایەنە سیاسییەکانی نێو پرۆسەی سیاسیی عێراق بەڕێوەدەچێت.
تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان تیشک دەخاتە سەر دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە، لە پاڵ ئەمەشدا دۆسیەی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور، یەکێک دەبێت لە گرنگترین ئەو بابەتانەی کە بە شێوەیەکی چڕ تاوتوێ دەکرێت، بە ئامانجی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش کە بەرژەوەندیی گشت لایەک بپارێزێت.