چی لە کۆبوونەوەی بەغدا ڕوویدا؟
سیستمی ئەسیکۆدا و نەوتی هەرێم؛ ئایا کێشەکان بەرەو کۆتایی دەچن؟
عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەغدا پێشوازی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم کرد، لە دیدارەکەدا دوایین پەرەسەندنەکانی وڵات و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکومەت تاوتوێ کران.
ئەمڕۆ شەممە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکەی نێوان هەردوو سەرۆکوەزیرسنی هەرێم و عێراق تایبەت بوو بە پرسه تەکنیکییەکانی وەک، دۆسیەی دەروازە سنوورییەکان، جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنی ئەسیکۆدا و دۆخی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. هەردوولا جەختیان لە گرنگی هەماهەنگی بەرز و چارەسەرکردنی کۆسپەکان لە چوارچێوەی دەستوور و بەربەستە یاساییەکاندا کردەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئامادەیی بەغدای نیشاندا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییان بپارێزێت و دووپاتی کردەوە، کە "هەمووان لەم نیشتمانەدا شەریکن". لای خۆشیانەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێم پیرۆزبایی پێکهێنانی حکومەتی نوێی لە زەیدی کرد و پشتگیری خۆی بۆ کابینەکەی دەربڕی، بەو مەرجەی کێشەکان بە شێوەیەکی ڕیشەیی و دەستووری چارەسەر بکرێن.
هاوکات مەسرور بارزانی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند: "لەکۆبوونەوەم لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڕێز عەلی فالح ئەلزەیدی، جەختمان لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستوور و قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان کردەوە."