عێراق؛ هۆشداری له بەکارهێنانی کیسهی پلاستیکی دهدرێت
عێراق ڕۆژانە 16 هەزار تۆن پاشماوەی پلاستیکی بەرهەم دەهێنێت
عێراق بەکارهێنانی کیسهی پلاستیکی به بارگرانییەکی گەورەی تەندروستی، ژینگەیی و ئابووریی بۆ سەر وڵات ناوزهند كرد و زیانه ههره ترسناكهكانیشی ئاشكرا كرد.
ئهمڕۆ لوئەی موختار، گوتەبێژی وهزارهتی ژینگهی عێراق ڕایگهیاند، بڕیاری کەمکردنەوەی کیسی پلاستیکی بێبەرامبەر لە مۆڵ، نانەواخانە و گۆشتفرۆشەکاندا هەنگاوێکی گرنگە، چونکە ئەم کیسانە ماددەی پۆلیمەر و مایکرۆ پلاستیکیان تێدایە کە لەکاتی گۆڕانی پلەی گەرمیدا دەگوازرێنەوە بۆ ناو خۆراک و دەبنە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجە.
ههروهها دهڵێت: سووتاندنی ئەم پاشماوانە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی گازی ژەهراوی و زیانگەیاندن بە سامانی ئاژەڵ و ماسی.
ئهو گوتهبێژه ئاشکرای کرد، عێراق ساڵانە بڕە پارەیەکی خەیاڵی بۆ هاوردەکردنی پلاستیک خەرج دەکات، بە جۆرێک بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2021، نزیکەی 3 ملیار دۆلار بۆ هاوردەکردنی ماددەی پلاستیکی لە وڵاتانی دراوسێ و جیهان خەرج کراوە.
ئهمه لهكاتێكدایه، هەر تاکێکی عێراقی ڕۆژانە 400 گرام پلاستیک فڕێ دەدات، ئەمەش وایکردووە ڕۆژانە 16 هەزار تۆن پاشماوەی پلاستیکی لەو وڵاتهدا کۆببێتەوە کە تێچوویەکی زۆری کۆکردنەوە و گواستنەوە دەخاتە سەر شانی حکومەت.