بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆلار و چارەنووسی مووچە
پهیامی نوێی بهغدا لهبارهی مووچه و بودجه و نرخی دۆلارهوه گهیشت
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لهبارهی پلان و گۆڕانکاری بۆ نرخی فەرمیی دۆلار بەرامبەر بە دینار ڕوونكردنهوهی دا و لهسهر مووچەی فەرمانبەرانیش گوتی: بە تەواوی گرەنتیکراوە.
ئهمڕۆ عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، بوونی هەر کێشەیەکی لە دابینکردنی دۆلاردا ڕەت كردهوه و ڕایگهیاند، سەرجەم جموجۆڵەکانی دراو لەژێر چاودێریدان، بەو هۆیەشەوە قسەکردن لەسەر بەقاچاخبردنی دۆلار بێبنەمایە و نرخی بازاڕیش لە ئاستێکی ئاساییدایە.
عەلاق لەبارەی ڕێڕەوی داهاتی نەوتەوە ڕوونی کردەوە، داهاتەکان بە دۆلار سەرەتا دەچنە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا لە نیویۆرک، پاشان لە ماوەی 24 کاتژمێردا دەگوازرێنەوە بۆ بانکی ناوەندیی عێراق، کە بەشێکی بۆ پێداویستییە سەرەکییەکان و بەشەکەی تری بۆ بەهێزکردنی یەدەگی نیشتمانی لە ڕێگەی کڕینی زێڕ و وەبەرهێنانەوە بەکاردێت.
لە لایەکی ترەوە، پارێزگاری بانکی ناوەندی دڵنیایی دا کە عێراق توانای تێپەڕاندنی دۆخی دارایی ئێستای هەیە، بەڵام هۆشداریی دا لەوەی کورتهێنانی بودجە لە سەر کاغەزەوە بووەتە کورتهێنانێکی ڕاستەقینە، ئەمەش بەهۆی سنوورداربوونی داهاتی نەوتەوەیە.
ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە خەرجییە جێگیرەکانی وەک مووچە، خۆراک و دەرمان لەسەر حیسابی بودجەی وەبەرهێنان دابین دەکرێن، کورتکردنەوەی ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەشەی ئابووری دەبێت، هاوکات قەرزی ناوخۆیی گەیشتووەتە دوا سنووری خۆی.