چیڕۆکی ئەشکەنجەدانی حەمە ڕەش لە زاری محەممەد ڕەئووف
وردەکاریی دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور تاڵەبانی؛ چۆن پەردە لەسەر ئەشکەنجەیەکی قورس لادرا؟
ڕۆژنامەنووس محەممەد ڕەئووف چیڕۆکی ڕاستەقینەی دادگایی کردنەکەی ئەمڕۆی لاهور تاڵەبانی ئاشکرا دەکات و دەڵێت: " شاهێدێک هاتە بەردەم دادوەر و گوتی: هێندە ئەشکەنجە دراوم، پیاوەتیم لەدەستداوە و سەرم تەقەڵی پێوەیە و دەم و دانم شکێندراوە ".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕۆژنامەنووس محەممەد ڕەئووف ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە دادگای سلێمانی وەک ڕۆژنامەنووسێك لە دادگایی کردنەکەی لاهور تاڵەبانی ئامادە بووم، دانیشتنەکە کە بە شێوەیەکی ئاشکرا و بە ئامادەبوونی داواکاری گشتی، تیمی پارێزەران و نوێنەرانی مافی مرۆڤ ئەنجامدرا، تایبەت بوو بە کەیسی تۆمەتبارکردنیان بە (هەوڵی تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی) و (ڕێککەوتنی تاوانکاری) بەپێی ماددەی 56، نەک کەیسی شەڕەکەی گردی لالەزار.
دیمەنی ناو هۆڵی دادگا
محەممەد ڕەئووف باسی لە دیمەنی ناو هۆڵی دادگا کرد و گووتی: "لە هۆڵەکەدا سێ دادوەر دوو پیاو و ژنێک، سەرپەرشتی دانیشتنەکەیان دەکرد، لاهور تاڵەبانی و پۆڵاد تاڵەبانی، ڕێبوار حامید حاجی غالی و چوار تۆمەتباری دیکە لە ناو قەفەزی دادگا بوون، لە کاتێکدا پێنج تۆمەتبارەکەی دیکە بەهۆی نەبوونی جێگەوە لە دەرەوەی قەفەزەکە دانیشتبوون"، ئاماژەی بەوەشدا کە تیمی بەرگری لاهور تاڵەبانی لە 12 پارێزەر پێکهاتبوون کە ململانێیەکی یاسایی توندیان لەگەڵ دادوەردا کرد سەبارەت بە گواستنەوەی دۆسیەکە بۆ دادگای تەمیز لە هەولێر.
درۆنەکان و وتەی لاهور تاڵەبانی
ڕۆژنامەنووسەکە ئەوەشی خستەڕوو، دادوەر گووتەی تۆمەتبارانی خوێندەوە کە باس لەوە دەکات لە 22ی ئابی 2025 دوو درۆن ئاراستەی ماڵی جەلال تاڵەبانی كراون و یەكێكیان لەو دیو ماڵەكەی كەوتووەتەوەو یەكێكیان لەبەردەم ماڵی بافڵ تاڵەبانی، لە وەڵامدا لاهور تاڵەبانی گوتی: "جەنابی حاکم کاک بافڵ خۆی باش دەزانێت ئەو درۆنانە هی تورکیا بوون". هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەو گەنجانەی لێدوانیان لێ وەرگیراوە لە ژێر ئەشکەنجەی قورسدا بوون و گووتویانە: "ئەو هێزانەی لێکۆڵینەوەیان کردووە، هێزی حیزبین".
شاهێدێک کە دادگای هەژاند
ڕۆژنامەنووسەکە باسی لە هەژێنەرترین بەشی دانیشتنەکە کرد و گووتی، ئامادەبوونی شاهێدێک بوو بە ناوی (حەمە ڕەش) کە لەدایکبووی 1987ـە، باسی لە گواستنەوەی جانتایەک کرد، بەڵام لە کۆتاییدا بە گریان و ناڕەزایەتییەوە ڕووی لە دادوەر کرد و گووتی: "هێندە ئەشکەنجە دراوم، پیاوەتیم لەدەستداوە، سەرم تەقەڵی پێوەیە و دەم و دانم شکێندراوە". شاهیدەکە ئاشکرای کرد کە تەنها بۆ ڕزگاربوون لە لێدان، هەرچییان پێ وتووە واژۆی کردووە.
محەمەد ڕەئوف ئاماژەی بەوەدا کە دادوەر سەرجەم تێبینی و وتەکانی شاهێدەکەی سەبارەت بە ئەشکەنجەدان تۆمار کرد و کۆتایی بە دانیشتنەکە هێنا، بەبێ ئەوەی کاتی دانیشتنی داهاتوو دیاری بکات، لە کاتێکدا پارێزەران داوایان کرد تۆمەتباران بگوازرێنەوە بۆ لای پۆلیس بۆ ئەوەی لە ژێر دەستی هێزە ئەمنییەکاندا ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی زیاتر نەبنەوە.